لە مانگی ئاکتەوبرەوە دابەش کردنی بازگەی چاودێڕی لە نێوان دوو ناوچەی ژێر کونترۆڵی یەکێتی و پارتی بە شوەیێکی ڕوونتر لە پێشوو دەبینرێت، تەنانەت داواش کراوە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت لە نێوان دوو هێزی یەکێتی و پارتیدا. سەرکردەکانی هەردوو حیزبەکە لە ڕێگەی میدیاکانی سەربەو پارتانەوە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە خیانەت کردن خزمەت کردنی دوژمن.
پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانی نزیک بە 150000 تا 200000 هەزار هێزیان هەیە کە هەندێکیان بۆ سەرکوت کردنی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک بەکار دەگیردرێن، وەکوو ئەوەی کە لە سلێمانی لە مانگی دیسێمبر ڕوویدا.
هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە شەڕی داعشدا هاوکارییێکی سەرسوڕ هێنەریان لەگەڵ یەک کرد. ئەو هێزانە سەرەتا لە شاری جەلەولا لە پارێزگای دیالەی عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی شەڕی داعشیان کرد، ئەو هاوکارییە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا تا کۆتایی شەڕی داعش درێژەی هەبوو.
بە لە بەرچاوگرتنی ناکۆکیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە پێش شەڕی داعش لە ساڵی 2014 ئەو هاوکارییە چاوەڕواننەکراو بوو. ئەو دوو هێزە لە ساڵی 2012 و پاش چەند مانگ لە چۆڵ کردنی عێراق لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە سەرووبەندی شەڕکێ قورسدا بوون. گرژییەکە تا ئاستێک بوو کە هێزەکانی لیوای 14 و 15ی سوپای عێراق کە زۆرینەی ئەندامانی کورد بوون سوپای عێراقیان بەجێ هێشت و تەڤڵی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بوون.
بەو حاڵەشەوە شەڕی داعش بوو بە هۆی هاوکارییێکی زۆر نزیک و چاوەڕواننەکراو لە نێوان پێشمەرگەی هەر دوو حیزبی یەکێتی و پارتی و هەروەها سوپای عێراق. شەڕی داعش بۆ ئازاد کردنی مووسڵ لە ئاکتەوبری 2016 سەر لووتکەی هاوکاریی نێوان پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بوو.
ئەو ڕووداوە دەیتوانی بەستێن خۆش بکات بۆ هاوکاریی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە. هەر ئێستاش شانەی نووستووی داعش کەمپینی کوشتنی هێزە عێراقییەکانیان لە ڕۆژئاوای کەرکووک وەڕێ خستووە.
بەڵام کۆتای هاتنی شەڕی داعش لە عێراق، بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بودجەی عێراق جارێکی دیکە بارگرژیی دروست کرد لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتیی ناوەندیی عێراق. ڕووبەڕووبوونەوەی 16ی ئاکتەوبر لە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە کەرکووک کۆتایی هێنا بە هاوکارییەکانی نێوانیان.
پێکدادانی قورسی ڕۆژی 20ی ئاکتەوبری 2017 لە شارۆچکەی پردێ کە ڕێگای کەرکووک بۆ هەولێر لە نێو ئەو شارۆچکەیەدا تێدەپەڕێت ددووبەرەکی و ناکۆکیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی پیشان دا. لەو پێکدادانەدا تەنها هێزەکانی پارتی دیموکرات ئامادە بوون. هێزەکانی سەبەر یەکێتی بۆ سلێمانی گەڕابوونەوە. دوو هێزی دژبەری پێشمەرگەی پارتی و سوپای عێراق لەو ڕۆژەدا بە سەدان هاوەن و بومبیان ئاراستەی سەنگەرەکانی یەکتر کرد. هەردوو لایەنەکە لەو چەک و تەقەمەنییانەی کە بۆ شەڕی داعش لە هاوپەیمانان سەندبوویان کەڵکیان وەرگرت و دەیان کەس لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان گیانیان لەو شەڕەدا لە دەست دا.
پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لە ساڵی 1992 کە هەرێمی کوردستان دامەزرا تا ساڵی 2006 هەرێمی کوردستانیان بە دوو ناوچەی جیاواز دابەش کردبوو. پارتی و یەکێتی لە سەرەتاکەنی ساڵی 2006ەوە حکوومەتی هەولێر و سلێمانییان یەکپارچە کرد و ڕێککەوتن کە هێزە ئەمنییەکانیان یەک بخەن. سەرکردە کوردەکان لە ژێر گوشاری ئەمریکادا بۆ یەک خستنی هێزەکانیان هەوڵیان دا بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام مایەوە. ئەو دوو هێزە پاش ماوەیێک لە ساڵی 2010 ڕێککەوتنی خۆیان بۆ پێک هێنانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2011 لیوایێکی هاوبەشی لە دوو لیوای یەکێتی و پارتی پێکهێنا و بە 100000 پێشمەرگەوە دەستی بەکار کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتی کومیسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان کە جوونی 2014 دەرکرا، تا ساڵی 2013 نزیک بە 28800 هێزی پێشمەرگە لە 12 لقدا ڕێکخران. بەو حاڵەشەوە لە کرداردا ئەو 12 لقە لە ژێر کاریگەریی حیزبەکانیاندا بوون، بۆ یەکەمجار هێزەکانی یەکێتی و پارتی لە یەک سەنگەردا بە فەرماندەییێکی هاوبەشەوە هەنگاویان بۆ یەکپارچە کردنی هێزەکانی پێشمەرگە هەڵگرت.
بەڵام گرژییەکانی ئەم دواییە ئەو پڕۆسەیەی وەستاندووە و لیواکان تووشی دووبەرەکی بوونە. سەرکردە کوردەکان ئیدیعا دەکەن کە ئەوان بە یارمەتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا، بەریتانیا و ئاڵمانیا بۆ یەکپارچە کردن و ڕێکخستنی دووبارەی هێزەکانی پێشمەرگە هەوڵ دەدەن.
ئەگەر گرژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر نەکرێن، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ناوچە جێی ناکۆکەکان و هەموو عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە.
بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە تەنها 3 مانگ ماوە بۆ بەڕێووەچوونی هەڵبژاردنەکانی گشتی لە عێراق، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە مومکینە هاوسەنگیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت و دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە ئایا کوردەکان بە نیازی ئەوەن کە ڕێگای یەک خستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەر کردنی کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا بگرنە بەر یا نا.
سەرچاوە: قوتابخانەی ئابووری لەندەن
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment