کوردپرێس:
حیکمەت سەربلند سکرتێری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (pîk) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە گوشارخستنە سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان کرد و گوتی: ماوەیێکە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و هاوکارەکەی واتا پارتی نەتەوەپەرستی تورک گوشاری زۆر دەخەنە سەر سیاسەتوانە کوردەکان و بەتایبەت سیاسەتوانانی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ناوچە جیاجیا کوردنشینەکان و ئەو ناوچانەی هەدەپەی لێیە.
ناوبراو گوتیشی: هەڵبەت ئەم گوشارانە بەردەوام بووە بەڵام لەم قۆناغەدا گوشارەکانیان زیاد کردووە و نیازیانە ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتوانە کوردەکان پەرە پێبدەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: شەرعیەتی ئاکپارتی و مەهەپە لە نێوان هاووڵاتییان کۆتایی هاتووە و هەر کاتێک لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەگەنە دۆخی چەقبەستوو، گوشاری سەر کوردەکان زیاد دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی ڕەگەزپەرستەکان مسۆگەر بکەن و توندڕەو و نەتەوەپەرستەکان بەرەو خۆیان ڕابکێشن.
سکرتێری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (pîk) ئاشکراشی کرد: چەندین ساڵە ئەو سیاسەتە درێژەی پێدەدرێت و لە هەلومەرجێکدا کە شەرعیەتی لایەنەکانی دەسەڵات کۆتاییی پێهاتووە هێرشی دژبە کوردەکان وەک سیاسەتێک بۆ مسۆگەرکردنی دەنگ دەگیرێتە بەر.
حیکمەت سەربلند ئەوەشی زیاد کرد لە لایێکی دیکەشەوە حیزبەکانی دەسەڵات لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش ناسازن و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەر کاتێک حیزبێکی دژبەر توانیبێتی لە نێو دڵی هاووڵاتییان پێگە بۆ خۆی دروست بکات گوشاری سەر ئەو حیزبە زیادی کردووە و لەم نێوانەشدا پارتی دیموکراتیکی گەلان و هاووڵاتییانی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا زیاتر دەکەونە بەرچاو. هەر بۆیەش کوردەکان زیاتر دەکەونە بەر پێکان و گوشاری پارتی دەسەڵاتدار.
سکرتێری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (pîk) ئاماژەی بە سیاسەتی لایەنەکانی دەسەڵات بەرامبەر دژبەرەکانی کرد و دەڵێت پارتەکانی لایەنی دەسەڵات کار بۆ ناتەباکردنی لایەنەکانی دژبەری خۆیان و شکستهێنانی هاوپەیمانێتیی نێوانیان دەکەن.
حیکمەت سەربلند جەختیشی کردەوە: پارتی دەسەڵاتدار نیازیەتی کەسان و حیزبەکانی دژبەری خۆی کە دەبنە هاوپەیمانی هەدەپە یان لە هاوپەیمانێتییێکدا پێکەوە دەبن لە پێش چاوی هاووڵاتییان بە خەیانەتکار ناو ببات بۆ ئەوەی هەدەپە لە ساحەی سیاسیی تورکیا بە تەنیا بمێنێتەوە.
ناوبراو بیریشی هێنایەوە کە سیاسەتی ئاکپارتی ڕوونە چوونکە کار بۆ ئەوە دەکات کە کورد لە گۆڕەپانەکە دەربکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆسیەی 9 پەرلەمانتاری هەدەپە نێردراوەتە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی پارێزبەندییان لێوەربگیرێتەوە و ناوی پەروین بۆڵدان هاوسەرۆکی هەدەپەش لە نێو ئەو لیستەدایە.
ناوبراو زیادی کرد: لە لایێکی دیکەوە هاوکاری ئاکپارتی واتا لایەنی نەتەوەپەرستی تورکیش سیاسەتی توندی دژبە هەدەپە دەگرێتە بەر و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی ئەو حیزبە لە لێدوانێکدا داوای هەڵوەشانەوەی پارتی دیموکراتیکی گەلانی کردبوو.
سکرتێری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (pîk) دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز دەست لە نکۆڵی کردن لە کوردی تورکیا هەڵناگرێت و بەردەوام هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی کوردەکان.
حیکمەت سەربلند جەختیشی کردەوە: (AKP) و( MHP) بەنیازن تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ تیرۆر بخەنە پاڵ (HDP) بۆ ئەوەی دیکەی لایەنەکانی تورکیا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو پارتە پێکنەهێنن. دەوڵەتی تورکیا بەنیازە وەک خولەکانی پێشووتر لایەنە کوردییەکان بە نادەستووری و هەڵوەشاوە ڕابگەیێنێت. دەوڵەتی تورکیا چ لە باری سیاسییەوە و چ لە باری ئابوورییەوە لە گوشاردایە و بەو کارانە و کارتێکەری لە کەشی گشتیدا هەوڵی بەڵاڕێدا بردنی ڕای گشتی دەدات و خۆی لە کێشە و قەیرانەکان دوور دەخاتەوە و سەرپۆش لە سەر سیاسەتە هەڵەکانی خۆی دادەنێت.
سکرتێری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (pîk) ئاماژەی پە شکستی پارتی دادوگەشەپێدان لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیدا کرد و گوتی: لە سیاسەتی نێوخۆیدا تەنها یەک شتیان بەدەستەوە ماوە و دەنگ و ڕای هاووڵاتییانی پێدەکڕن ئەوەش دوژمنایەتی کردنی کوردە.ئەوان کار بۆ سیاسەتی پانتورکی و زیندوو کردنەوەی نەتەوەپەرستیی تورکی و ئیسلامخوازیی تورکی دەکەن مەبەستیشیان لەو کارە ئەوەیە کە لێنەهاتوویی و شکستەکانی پێکهاتەی دەسەڵاتداریی خۆیان بشارنەوە.
حیکمەت سەربلند لە کۆتاییدا ئەوەشی دووپات کردەوە کە سەیرە تورکیا ئەو سیاسەتانە بە بەر چاوی هەموو عالمەوە دەکات و هەر لەم دوایییەشدا دادگای ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ داوای ئازادکردنی سەڵاحەدیندەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی کردبوو بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو دواکارییەی لا گرینگ نیە.
Your Comment