بهپێی ههواڵی کوردپرێس، بێستوون زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق، پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە بەپێی خشتەیێک کە لە وەزارەتی گواستنەوە دانراوە گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەر دوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەنەوە.
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بەشێوەیێکی هەمیشەییە، هەندێک پڕوپاگەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، گوایە فڕۆکەخانەکان بە شێوەیێکی کاتی بۆ ماوەی سێ مانگ کراونەتەوە، ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە. گۆڕینی بەڕێوەبەرەکانیش دوورن لە راستییەوە، بەڵکوو ئەوەی دەکرێت بەپێی ئەوەی لە دەستوور و یاسادا هەیە لەژێر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی دەکرێت".
بێستوون زەنگەنە گوتیشی: "هەندێک خاڵ دانراوە لە رۆژی یەکشەممەوە ئەو شاندە هونەرییەی هاتوووە دەست دەکات بە وردبینی لەو خاڵانە، ئەو خاڵانەش هەمووی ئاسایین. ئێمە دەتوانین لێرەوە ئەو ئەفسەرانەی لە فڕۆکەخانەکانی خۆمان کار دەکەن بتوانن هەماهەنگ بن لەگەڵیان بۆ ئاسان کردنەوەی ئەو خاڵانەی دانراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەسەر هەمووی دەتوانین بگەینە ئەنجام".
لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، قاسم ئهعرهجى، وهزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، پێش نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانیش دەدرێت. هیچ کێشەیێکی قووڵ لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە، هەموو کێشەکانیش بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن.
رۆژی سێشەممە 13-3-2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا گەمارۆی سەر گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان هەڵ بگرێت و رایگەیاند بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی حکوومەتی ناوەندییان جێبەجێ کردوووە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment