بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح پەڕلەمانتارێکی گۆڕان لە گرتە ڤیدیۆیێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە باس لە پشتی پەردەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات و دەڵێت حکوومەتی هەرێم ئەو ڕێککەوتنەی لەبەر خەڵک نەکردوووە بەڵکوو لە بەر ئەوە کردی کە قازانجی فڕۆکەخانە و دەروازە سنووییەکان و داهاتی نەوتی بە دەستەوە نەمابوو.
ناوبراو زیادی کرد: ماوەی دوو مانگە داهاتی نەوتیان نەهێناوەتەوە کوردستان ئەوەش لە حاڵێکدایە هەموو ڕۆژێک 370 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە کە دەبێتە مانگی 550 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا کۆی یەک ملیار و سەد ملوێن دۆڵار نەوت فرۆشراوە و پارەکەی نەهێنراوەتەوە کوردستان.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش وتی ناردنی مووچە لە بەغداوە بەستراوە بە ڕادەست کردنی نەوتی هەرێم بە حکوومەتی ناوەند.
ئەو پەڕلەمانتارەی گۆڕان لە درێژەدا ناردنی نەوت بۆ بەغدا و فرۆشانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە خاڵێکی ئیجابی دەزانێت و دەڵێت ئەو کۆمپانیایە بە نرخی مەعقوول نەوتەکە ئەفرۆشێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات بەڵام حکوومەتی هەرێم تاڵان فرۆشی ئەکات. بۆیە ئەگەر بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بەشی مووچەی نەکرد ئەوا مووچەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی بەغدا ئەیدات و ئەوەش بەقازانجی هاووڵاتییانی هەرێمە و لە بەرانبەردا دەبێت داهاتە فیدراڵییەکانیش بگەڕێتەوە بەغدا کە بریتییە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی فڕۆکەخانەکان.
ناوبراو هەروەهاش گەرانەوەی داهاتەکان بۆ بەغدا بە کاریگەر دەزانێت لە جمووجووڵی نێو بازاڕ و گەشەی ئابووری.
عەلی حەمەساڵح باسی ئەو قەرزانەشی کرد کە حکوومەتی هەرێم بەبۆنەی ئیستحقاقاتی کۆمپانیا نەوتییەکان هاتۆتە پێی و دەڵێت ئەوەش چارەسەر دەبێت بەو مەرجەی شەفافیەت هەبێت. چوونکە هەرێم ڕۆژانە نزیکەی 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ئەگەر 250 هەزار بەرمیلی بداتە بەغدا لە پاشماوەکەی دەتوانێت ئەو قەرزانەی بداتەوە.
ناوبراو له بەرانبەردا گوتوویەتی بەڵام ڕێککنەکەوتنیش مەترسیی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەکات چوونکە لە باری ئابوورییەوە لە بازاڕەکاندا هەرێم تووشی وەستان دەبێت، فڕۆکەخانە بە داخراوی دەمێنێتەوە، مووچە نابێت و بە گشتی دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment