قوباد تاڵه‌بانی: لاپه‌ڕه‌یێکی نوێ له‌ پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌که‌ینه‌وه‌‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ عێراق نووسینگه‌ی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌ و جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئه‌مریکا باس له‌ کردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یێکی نوێ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ی ڕه‌شه‌مه‌ به‌ ئاماده‌بوونی دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ عێراق، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی نووسینگه‌ی ئه‌و ئاژانسه‌ له‌ هه‌ولێر کرایه‌وه‌.

قوباد تاڵه‌بانی له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ دوو به‌رپرسی ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاند: كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێم كارێكی هاوبه‌شی نێوان هه‌رێمی كوردستان- ئه‌مریكایه‌ و به‌مه‌ش پشتیوانیی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێم ده‌سه‌لمێنرێت و ئه‌مریكا پاڵپشتی هه‌رێم ده‌كات.

ناوبراو وتیشی: ئه‌و چاكسازییانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌نیازه‌ بیانكات چاكسازیی ریشه‌یین و ته‌نها قسه‌ نین.

قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختی کرده‌وه‌: به‌رنامه‌یێک که‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانه‌ و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ڕێگریی له‌ به‌فیڕۆ چوونی سه‌رمایه‌ ده‌کات.

تاڵه‌بانی کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێم به‌ ده‌رفه‌تێکی باش بۆ هه‌رێمی کوردستان وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌مریکا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق پشتیوانی ده‌کات.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ده‌بێت هه‌ولێر و به‌غدا به ‌گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان لاپه‌ڕه‌یێکی نوێ‌ هه‌ڵبده‌نه‌وه و جه‌ختی کرده‌وه‌: هیچ پاساوێک نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌نێرێت‌ و پێویسته‌ ده‌ست به‌و پرۆسه‌یه‌ بكات و پاراستنی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقدایه‌.

دواتر دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ عێراق وتی: ئێمه‌ پشتیوانی حكوومه‌ت و هاووڵاتییانی هه‌رێم ده‌كه‌ین و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ زۆر بواردا هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و تایبه‌ته‌ به‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی ئابووری.

دۆگلاس سیلیمان له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا ڕای‌گه‌یاند هه‌ر دوو لا بۆ به‌رده‌وامیی گفتوگۆکانی نێوانیان هان ده‌ده‌ین.

هاوكات ویلیام پیته‌رسن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئه‌مریكا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له ‌سه‌رتاسه‌ری عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت و پڕۆژه‌كه‌ گۆڕانكاری له‌ ژیانی هاووڵاتییان و ئاستی خزمه‌تگوزاری ده‌كات و خولی به‌رز كردنه‌وه‌ی تواناكان بۆ باش كردنی ئیداریی و دارایی.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12491

Your Comment

You are replying to: .
captcha