بنەمای کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسی، دەستووری و جوگرافیایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پسپۆڕێكی ئابووریی سیاسی پێی وایه‌، كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق پرسی مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكوو كێشه‌ی سیاسی و جوگرافی و ده‌ستوورییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نه‌وزاد عه‌زیز، پسپۆڕی ئابووریی سیاسی به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گەڵ عێراق ته‌نیا كێشه‌ی مووچه‌ نییه‌، به‌غدا 55 مادده‌ی ده‌ستووری عێراقی پێشێل كردووه‌ و به‌رامبه‌ر ئه‌و جێبه‌جێ نه‌كردنه‌ی ده‌ستوور هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ڕیفڕاندۆمی ده‌ركرد.

ناوبراو وتیشی چوونكه‌ له‌ ساڵی 2014ـەوە پشكی بودجە و مووچەی هه‌رێمی كوردستان له ‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بڕدراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێکدایه‌ به ‌پێی ڕێكکه‌وتنی سیاسی پێویسته‌ 17%ی بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان بێت و ئه‌مه‌ مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌، نه‌ک پیاوه‌تی و به‌خشین‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ دوای ساڵی 2014ـەوە به‌غدا ئه‌وەیشی جێبه‌جێ نه‌كردووه.

كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، كه‌ عێراق ئاماده‌ نه‌بوو ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات و له‌گەڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یویست له‌ ساڵی 2012 به‌ هێنانی سوپای دیجله‌ خاكی كوردستانیش داگیر بكات، چاودێرانیش پێیان وایه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان جیا بێته‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق.

ئه‌و پسپۆڕه‌ی ئابووریی سیاسی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا باسی ناردنی مووچه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌تی عێراق سه‌ره‌تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت تا ببێته‌ سه‌ره‌تایێک بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ دانووستان بكرێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی دیكه‌.

نه‌وزاد عه‌زیز گوتیشی: "كێشه‌ی هه‌رێم و به‌غدا كێشه‌ی سیاسی و جوگرافین، دواجار كێشه‌ی ئابوورییه‌، پیلانی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو تا هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی سازش له‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاسایییه‌كانی بكات، به‌تایبه‌ت پرسی سه‌ربه‌خۆیی، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بیت عێراق ئاماده ‌نییه‌ مافی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بدات، له‌وانه‌ش مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، كه‌ مووچه‌ مافێكی ئاسایی و ساده‌ی هه‌ر هاووڵاتییه‌كه‌، به‌ بڕوای من ئه‌گه‌ر به‌غدا مووچه‌ش بنێرێت، ئه‌وه‌ بۆ پڕۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ و ته‌نیا چه‌ند مانگێک ده‌خایێنێت".

سەرچاوە: ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 12455

Your Comment

You are replying to: .
captcha