کوردپرێس:
نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشوتری عێراق رایگەیاند، پرسی هەرێمی کوردستان پرسی ماف نییە، چونکە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەوتەکەی خۆی لەرێگای بەغداوە نەناردووە و زۆر کێشە هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدادا.
لەبارەی پەسەندکردنی بودجەشەوە باسی لەوەکرد، پێموانییە کە بودجە تێبپەڕێندرێت، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش پێیان وتووم، کە ئەوان رەتی دەکەنەوە بودجە پەسەند بکرێت، ئەگەر ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتەی رۆژانە دەستنیشان نەکرێت کە دەبێت هەرێم بینێرێت بۆ بەغدا.
مالیکی وتووشییەتی، هەرێمی لەبەر ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی لە رێگای بەغداوە نەناردووە، ئەوا بۆی نییە داوای هیچ مافێک بکات لەبری ئەو ساڵانەی رابردوو.
لەلایەکی دیکەوە، تارا رەفاعی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران ناچاردەبێت بەوەی کە بە زۆرینە، بودجەی ئەمساڵ تێبپەڕێنێت، بە وتەی رەفاعی "زۆرینەی فراکسیۆنە سیاسییەکان، دژی ئەوەن کە هەرێم تەنها ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بنێرێت بۆ بەغدا."
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمشەو جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە حكومەتی هەرێم هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.
ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حکومەتی هەرێم و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پشکی هەرێم لە بەشەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقدا و تاوەکو ئێستاش چەندین جار حکومەت گەیشتن بە رێککەوتنی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا لە هەوڵی گەیشتندان بە رێککەوتن و ئەوەندەشی نەماوە بۆ تێەڕاندنی بودجەی ئەمساڵ لە پەرلەمانی عێراق.
Your Comment