شكستی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای‌ عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شكستی‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ نێوان وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه ‌و وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراق ئاشكرا ده‌كرێت و به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "كێشه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه‌ پێشتر بوونیان هه‌بوووه‌ وه‌ک خۆیان ماونه‌ته‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به ‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: "له‌ دوای‌ پێكدادانه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپای‌ عێراق له‌ مانگی‌ 10ی ساڵی‌ ڕابردوودا سێ كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوانمان ئه‌نجام دران به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بوووه ‌و هیچ ڕێكکه‌وتنێكیش نه‌كراوه‌".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ سه‌رباری‌ ئه‌و ژماره‌ كۆبوونه‌وه‌یه به‌ڵام "كێشه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه‌ پێشتر بوونیان هه‌بوووه‌ وه‌ک خۆیان ماونه‌ته‌وه‌".

ئه‌مینداری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی‌ ڕوون كرده‌وه‌: "هه‌ولێر و به‌غدا چه‌ند دۆسیه‌یێک له ‌نێوانیاندا هه‌یه‌ له‌وانه‌ دۆسیه‌ی‌ (پێشمه‌رگه‌، بودجه‌، نه‌وت، مووچه ‌و ماده‌ی‌ 140) كه‌ به جیا ئه‌و دۆسیانه‌ تاوتوێ ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه "گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر هه‌ر دۆسیه‌یێک و هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ر كردنی‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌ر دوو لا و دۆسییه‌كانی‌ دیكه‌ش ده‌بێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12390

Your Comment

You are replying to: .
captcha