بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش پەسەند بوونی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراق لە پارلەمانی عێراق نوێنەرانی کوردی پارلەمان گەڕانەوە بۆ هەرێم و لە پارلەمانی کوردستاندا کۆبوونەوە و بە بەشداریی لیژنەی یاسا و ئابووریی پارلەمانی کوردستان سەبارەت بە بودجەی ٢٠١٨ی عێراق باس و گفتوگۆیان کرد.
ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارلەمانی عێراق لەبارەی هەڵوێستی داهاتووی ئەو نوێنەرانەی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێک بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی دەڵێت: تێکڕای ئەو نوێنەرانە داوایان لە پارتەکانیان کردووە کۆبوونەوەیێکیان هەبێت و سەبارەت بە گەڕانەوە و نەگەڕانەوە بۆ بەغدا بڕیاری پێویست بدەن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد تا ئێستا ئەم کۆبوونەوەیە بەڕێوە نەچووە و نوێنەرانی کوردی پارلەمانی عێراق هێشتاکە چاوەڕێن چوونکە ئەوان لە پارلەمانی عێراق و هەمبەر داپەڕەکانی حکوومەتی ناوەند یەک هەڵوێست بوون و لە پارتەکانیشیان چاوەڕوان دەکەن بەرامبەر بەغدا یەک هەڵوێستیان هەبێت و ئەوانیش پێبەندی بڕیاری پارتەکانیان دەبن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment