شەڕی عەفرین و ڕێبەرانی کوردی سووریا

بەشی سووریا- ژمارەیێک لە ڕێبەرانی کوردی باکووری سووریا هێشتاکە لەناو شارەکەدان و ئەوەش لە حاڵێکدا شەڕ خەریکە لە ناوەندی عەفرین نزیک دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپرێس لە عەفرین، شەڕ لەو کانتۆنە کوردنشینە گەیشتۆتە خاڵە هەستیارەکانی و تەنیا چەند کیلۆمەترێک تا ناوەندی ئەو شارە مەودای ماوە. لەم ناوەدا دەزگای میدیاییی کوردستانی سووریا لە ڕێگای میتینگی سەر شەقام و بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ڕۆژانە هەوڵ دەدات ورەی خەڵک بەرز ڕاگرێت ئەوەش لەژێر نەعرەتەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و دەنگی ئازاردەری تەقینەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەمە ڕێکەوتی ٤٨ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە کانتۆنی عەفرین، لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی دیمەنێکی سەیر بوومەوە، ئەوەش ئامادەبوونی ڕێبەرانی کورد لەناو ژمارەیێک ئۆتۆمبێل بوو کە بە بڵیندگۆ دڵداری خەڵکیان دەدایەوە و ورەیان پێ دەبەخشین و ئەمەش شتێک بوو بە دەگمەن دیبووم و بیستبووم.

لەم میتینگانەدا کەسانێک وەکوو ئاسیە عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، هەدیە یووسف هاوسەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵیسمی کوردستانی سووریا، باهۆز حەسەن هاوسەرۆکی ئێستای پەیەدە و چەند کەسێکی دیکە لە ڕیزی یەکەمدا بوون و هاوڕێ لەگەڵ دیکەی بەرپرسان لەناو خەڵکیدا دەسووڕانەوە.

لە باهۆز حەسەن پرسیارم کرد لەم دۆخەدا کە ئەگەری کوژرانتان هەیە بۆ ناچنە شوێنێکی ئەمن و ئەویش وەڵامی دامەوە: جا چۆن دەکرێت خەڵکەکەمان جێبهێڵین؟ ئەگەر بمانویستایە خاکەکەمان چۆڵ بکەین تا ئەوڕۆ لەگەڵ دوژمن شەڕمان نەدەکرد.

ئەم هەڵمەتەی ڕێبەرانی کورد لەم دۆخەی ئێستادا تا ڕادەیێک خەیاڵی خەڵکی عەفرین ئاسوودە دەکات. دەبێ چاوەڕوان بین ئاخۆ ئەم ورەیە تا کەی بەردەوام دەبێت و ئەگەر شەڕ گەیشتە دەروازەی شارەکە سەرکردەی کورد بەرنامەی چۆن دەبێت؟

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12363

Your Comment

You are replying to: .
captcha