سه‌ركرده‌یێکی پارته‌كه‌ی عه‌للاوی: حكوومه‌تی عێراق جدی نییه‌ له‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری پارتی ویفاقی نیشتمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی له ‌هه‌رێمی كوردستان گوتی، به‌غدا جیددی نییه لە چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ هەولێر‌، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژوه‌ندیی عێراق نییه‌، به‌ڵكوو جێبه‌جێ كردنی ئه‌جیندای ده‌ره‌كییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم و به‌غدا چاره‌ ده‌كات، به‌ڵام تا وه‌كوو ئێستا ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا به‌ڵێنه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی كرداری بنێت، به‌ ڕای چاودێرانی سیاسیش حكوومه‌تی عێراق له‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان جدی نییه‌ و ده‌ستی ده‌ستییان پێ ده‌كات.

نوێنه‌ری پارتی ویفاقی نیشتمانی به ‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ هه‌رێمی كوردستان، عه‌لا مه‌كی، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كۆمه‌ڵێک كێشه‌ له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌زوویی چاره‌ بكرێت، كێشه‌ی دارایی و كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ڕێككه‌وتنیش بۆ چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه‌ كراوه‌ و هه‌ردوو لاش ڕازین، بۆیه‌ ته‌نیا پێویستی به‌ ده‌ركردنی بڕیارێک هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌زامه‌ندیی داوه‌ بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان و خۆی به‌ به‌شێک له ‌عێراق ده‌زانێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراقیش ڕێز له‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورد بگرێت و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات و فرۆكه‌خانه‌كانیش بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ داواكاریی خه‌ڵكه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت، ناكرێت له‌مه‌ زیاتر دوا بخرێت."

عه‌لا مه‌كی، كه‌ سه‌ركرده‌ی پارتی ویفاقی نیشتیمانییه‌ گوتی: "پێویست بوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق به‌ ته‌وافوق په‌سه‌ند كرابووایه‌ و هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌نگیان له‌سه‌ر دابووایه‌. له‌و پڕۆژه‌یاسایه‌دا ڕێژه‌ی كورتهێنان زۆره‌ و ده‌گاته‌ زیاتر له ‌11 ترلیۆن دینار، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كوو سوننه‌ تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ جێبه‌جێ كردنی."

مه‌كی ڕوونیشی كرده‌وه: "چاره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا زۆر درێژه‌ی كێشاوه،‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێویست نییه‌ و پێویست بوو به‌ زوویی چاره‌ بكرێن، چوونكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌یرانێكی داراییدایه‌ و پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌، ناكرێت به‌و شێوه‌ی كێشه‌كان به‌رده‌وام بن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ی ده‌كرێت ئێمه‌ لێی نیگه‌رانین و داواكارین به‌ زووترین كات هه‌نگاوی كرداری له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ببینین، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق جدی نییه‌ ."

مەکی گوتیشی: "دواكه‌وتنی چاره‌كردنی كێشه‌كان له ‌به‌رژوه‌ندیی هیچ لایێكدا نییه‌ و جێبه‌جێ كردنی ئه‌جیندای ده‌ره‌كییه‌ و لێدوانه‌كانیش له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان هیچ ڕوون نین، بۆیه‌ ئه‌م دواكه‌وتنه‌ له‌ خزمه‌ت عێراقدا نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12346

Your Comment

You are replying to: .
captcha