وردەکاریی دیدارەکەی نێوان پاپا فرانسیس و ئایەتۆڵڵا سیستانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاپا فرانسیس ڕێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان لە نەجەف لەگەڵ ئایەتۆڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە و جەخت کراوەتەوە لەوەی دەبێت رێبەرانی ئاینیی رۆڵیان هەبێت لە سنووردانان بۆ ئەو نەهامەتییانەی جیهاندا پێیدا تێپەڕدەبێت.

نووسینگەی ئایەتۆڵڵا سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە عەلی سیستانی پێشوازیی لە پاپا فرانسیس پاپای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردووە، لە دیدارێکدا باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا بوونەتەوە، لەگەڵ باوەڕ بە خوا، پەیامەکانی و پابەندبوون بە بنەما ئەخلاقییە بەرزەکان.

ئەوەش هاتووە، ئایەتۆڵڵا سیستانی لەو دیدارەدا باسی لەو گرفتانە کردووە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا بوونی هەیە لەوانەش ستەمکاری، هەژاری، ستەم لەسەر بنەمای جیاوازی ئاینی، پێشێل کردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاماژەی کرد بەوەی زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بەدەست جەنگ، توندوتیژی، ئابڵوقەی ئابووری و هەڵمەتەکانی کۆچپێکردن دەناڵێنن.

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئایەتۆڵڵا سیستانی باسی لە کاریگەری رێبەرانی ئاینیی کردووە بۆ سنووردانان بۆ نەهامەتییەکان بە گرتبەری چارەسەرە دانایی و عەقڵانییەکان لەجێگەی شەڕ و ناکۆکی، هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هاوسۆزی مرۆڤایەتی لەسەرجەم کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ رێزگرتن لەبیروبۆچون و ئاینە جیاوازەکان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، مەرجەعیەتی باڵا باسی لە پێگەی مێژویی عێراق کردووە کە سەرجەم پێکهاتە و باوەڕە جیاوازەکانی لەخۆ گرتووە، لەناو ئەوانەشدا پێکهاتەی مەسیحییەکان کەبە زامن کردنی مافەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا دەژین و بۆ پارێزگاری کردن لە ناسنامە و شوێنەکانیان مەرجەعیەت رۆڵی بینیوە، بەتایبەت لەکاتێکدا "تیرۆرستان" ناوچەیێکی فراوانی چەند پارێزگایێکی عێڕاقیان کۆنتڕۆڵ کرد و کاری تاوانکارییان ئەنجام دا.

ئایەتۆڵڵا سیستانی ئاواتی خێر و خۆشبەختیی بۆ پاپا و شوێنکەوتووانی کاسۆلیک و هەموو مڕۆڤایەتی خواست سوپاسی کرد بەبۆنەی ئەو ئەرکەی بۆ سەردانی نەجەف کەوتە سەر شانی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1233

Your Comment

You are replying to: .
captcha