بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەلال ئەردۆغان کوڕی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی زانست لە کۆی ئەنجومەنی ڕووناکبیرانی عەرەبی نیشتەجێی ئەستەمووڵ دەریبڕی: موسوڵمانیان بە سنووری دەسکرد و زمان و ڕەچەڵەک و مەزهەب دابەش کردووە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو ئەمانە وەلانێین و لەگەڵ یەک کۆ ببینەوە و لەسەر هەموو کێشەکانی نێوانمان ڕاوێژ بکەین. پێویستە چیدی کێشەکانمان نەخەینە گەردنی ڕۆژئاوا و جوو و ماسۆن و ئەم و ئەو، دەبێ دانیشین و لە خۆمان پرسیار بکەین "ئێمە خەریک چیین؟" بە ڕاستی ئەوڕۆکە لە جیهانی ئیسلامدا قەیرانی شارستانییەتمان هەیە. شارستانییەتی ئێمە مەیدانەکەی چۆڵ کردووە بۆ ڕۆژئاوا. ئەو کاتەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا ڕووی لە لووتکە کردبوو بەداخەوە مەدەنییەتی ئیسلام جێما.
لە درێژەی وتەکانیدا بەلال ئەردۆغان دەشڵێت: ٤ کێسەی سەرەکی هەیە کە دەبێ جیهانی ئیسلام چارەسەریان بکات. دەبێ کۆتایی بێنین بە سەروەریی شارستانییەتی ڕۆژئاوا لە جیهانی ئیسلامدا. ئەگەرچی لە هەندێ کات و ساتدا ئەم سەروەرییە شێوەی سەربازیی بەخۆوە گرتووە بەڵام لە زۆربەی کات و سەردەمەکاندا خۆسەپاندنێکی فەرهەنگی بووە و داگیرکاری و سەروەری لێرەدا بە واتای داگیر کردنی زێد و مەڵبەند نییە بەڵکوو بیر و هزرمان داگیر کراوە. جیهانی ئیسلام ناچارە لە بواری فەرهەنگ و تەکنیک و شارستانییەتدا هەوڵ بدات و دەسکەوتی هەبێت. شەڕ و پێکدادان و ناکۆکییەکانی جیهانی ئیسلام هەر لە ئەفغانستانەوە تا باکووری ئەفریقا بوونەتە لەمپەرێک لەبەردەم گەشەی جیهانی ئیسلام. دووهەمین پرس و کێشە کێشەی یەکێتیی موسوڵمانانە کە لە ئەولەوییەتدایە. دیارە ئەمە فەرمانی خودای پەروەردگار بە ئێمەیە. برایەتی و یەکسانی و یەکێتیی موسوڵمانان ڕێباز و ڕەمزی سەربەخۆیی و ئایندەی باشیانە. دەبێ مەزەو و جیاوازیی ئەتنیکی وەلانێین. سێهەم کێشە کێشەی نەزانییە. دیارە نەزانی تەنیا بە خوێندی قوتابخانە چارەسەر نابێت. وەک دەڵێن ئەگەرچی زۆریش بزانیت مانای ئەوە نییە نەزان نیت. موسوڵمانان دەبێ سەبارەت بەوەی ڕوو دەدات بە دروستی ئاگادار بن. پاش ئەم سێ کەیسە، کێشەی نەداری و فەقیرییە. جیهانی ئیسلام ئێستا دەستەوئێخەی نەدارییە. لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا کێشەی نادادوەری هەیە. کەسانێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا هەن کە ڕۆژانە ٢ دۆلار و ٢٠ سێنت داهاتیانە. دەبێ کۆتایی بەم نایەکسانییە بهێنین. لە ئایینی ئیسلامدا جەختی زۆر لەسەر زەکات کراوەتەوە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی دیوار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment