شاندی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دووپات کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند جەنگی دژ بە تیرۆر تاوەکوو ئێستا بەردەوامە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە پێویستیی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی بۆ درێژەدان بە جەنگ دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان.

کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرهەم ساڵح لەکۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە سێر جۆن لوریمەر راوێژکار لە وەزارەتی بەرگریی بریتانیا و ستیفن هەیکی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و لەدیدارێکدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی کارکردن بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کرا.

لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، جەنگی دژ بە تیرۆر تاوەکوو ئێستا بەردەوامە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە پێویستی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی بۆ درێژەدان بە جەنگ دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان، چوونکە تیرۆر مەترسییێکی گەورەیە و سنوورەکان دەبەزێنێت و هەڕەشە لە هەمووان دەکات.

بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانی توانیان هەرەس بە داعش بێنن، بەڵام تاوەکوو ئێستا داعش ناو بەناو لە مەرامی ئەوەدان لە چەندین ناوچە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان دروست بکەن، ھاوکات راشیگەیاند دەزگا ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە راوەدونانی پاشماوەکانی تیرۆریستان تا رێگری بکەن لە ئەنجامدانی مەرامە گڵاوەکانیان.

ھەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە لەگرنگی کەم کردنەوەی ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکە و رێگری لە رێکخراوە تیرۆریستیە توندرەوەکان کە بۆشایی و قەیرانەکان بقۆزنەوە بۆ هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی، دووپاتیشی کردەوە لەسەر پێویستیی کارکردن لەسەر ھێنانەکایەوەی دەرفەتی پەرەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان لە رێگەی هەماهەنگی و کاری هاوبەش تاوەکوو عێراق ببێتە جەمسەرێک بۆ پتەو کردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە و رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق و رێگری کردن لەوەی عێراق ببێتە گۆرەپانێک بۆ یەکلای کردنەوەی کێشەکان.

لەلای خۆیەوە راوێژکار جۆن لوریمەر جەختی کردەوە لەسەر پێشنیازەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و گرنگی ھەماھەنگی بۆ ریشەکێش کردنی تیرۆر، هاوکات پابەندبوونی وڵاتەکەشی بۆ پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دووپات کردەوە لە ڕووی راهێنان و پڕچەک کردن بۆ لە ناوبردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق دا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 123

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha