وڵاتانی ئه‌ورووپی داوای تورکیا بۆ ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم به‌ هه‌ند وه‌رناگرن

به‌شی سووریا- نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ ئه‌ورووپا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ساڵح موسڵیم له ‌گه‌شته‌كانی بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا به‌رده‌وامه و هه‌وڵه‌كانی توركیاش بۆ ده‌ستگیر كردنی ناوبراو به ‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدولسه‌لام مسته‌فا نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ ئه‌ورووپا له‌باره‌ی ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم له‌ چێک ڕای‌گه‌یاند: حه‌فته‌ی ڕابردوو ساڵح موسلیم به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی سووریا (TEV-DEM) له‌سه‌ر داوای تورکیا و له‌ چێک ده‌ستگیر کرا. تورکیا هه‌وڵی دا قه‌ناعه‌ت به‌ چێک بهێنێت که‌ ساڵح موسلیم ڕاده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ بکاته‌وه‌ به‌ڵام دادگه‌یێک له‌ پراگ حوکمی ئازاد کردنی ناوبراوی ده‌رکرد. به‌رپرسانی تورکیا ده‌ڵێن واز له‌ به‌دواداچوونی موسلیم ناهێنین و داوایان له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی کردوووه‌ ناوبراو ده‌ستگیر و ڕاده‌ستی تورکیای بکه‌نه‌وه‌.

ناوبراو ده‌ڵێت: رۆژی 5ی مارچ "ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی پێشوی په‌یه‌ده‌" له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌رلینه‌وه‌ گه‌شتی بۆ فه‌نلاند كردوووه‌ و هیچ كێشه‌یێكی بۆ دروست نه‌بوووه‌.

عه‌بدولسه‌لام مسته‌فا وتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستگیر كردنی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام وڵاتانی ئه‌ورووپا داواكارییه‌كه‌ی توركیا به‌ هه‌ند وه‌رناگرن و ناوبراو له ‌گه‌شته‌كانی بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا به‌رده‌وامه‌".

نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ ئه‌ورووپا باسی له‌وه‌ش كرد هه‌وڵه‌كانی توركیا به‌ ته‌نها دژی ساڵح موسلیم نییه‌ به‌ڵكوو هه‌ركه‌سێک خزمه‌تی كورد و دۆزی كورد بكات، توركیا هه‌وڵی ده‌ستگیر كردنی ده‌دات.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12266

Your Comment

You are replying to: .
captcha