په‌رله‌مانتارێک: په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ ده‌ستووری نییه‌ و مه‌به‌ست لێی ئابڵوقه‌دانی هه‌رێمه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتاری كورد له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ ده‌ستووری نییه‌ و مه‌به‌ست لێی ئابڵوقه‌دانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێزان شێخ دلێر ده‌شڵێت: "له ‌په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2018 به ‌بێ ئاماده ‌بوونی نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا په‌سه‌ند كرا. په‌سه‌ند كردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عیراق له ‌كاتێكدا عێراق به ‌چه‌ندین قه‌یرانی جیاواز جیاوازدا تێده‌په‌ڕێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له ‌ئێستادا ویستێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم‌ و حكوومه‌تی فیدڕاڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌ڵام په‌رله‌مانی عێراق به ‌بێ ئه‌وه‌ی چاو له ‌دۆخی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بكات و به ‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستوور پرۆژه‌یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد".

رێزان شێخ دلێر جه‌ختیشی كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ "په‌سه‌ند كردنی پرۆژه‌یاساكه‌ پیلانگێڕییێكی له ‌پشته‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد دوور بخاته‌وه‌ له‌و پڕۆسانه‌ی له‌ به‌رنامه‌یدا هه‌یه‌تی. په‌سه‌ند كردنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ هه‌میشه‌یییه‌ بۆ مافی كوردستانیان دیاری كراوه‌ كه‌ ده‌ستوور ڕێگه‌ نادات له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و شاره‌وه‌ جیاوازیی هه‌بێت له ‌دیاری كردنی بودجه‌ی گشتیی وڵات".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كردوووه‌ كه‌ په‌سه‌ند كردنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ بێ‌هێزتر بكرێت چوونكه‌ چوار ساڵه‌ هه‌رێم له‌ قه‌یرانی دارایی‌ و ئابووریدایه‌ بۆیه‌ به‌ په‌سه‌ند كردنی پڕۆژه‌كه‌ ئابڵوقه‌یێكی زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش وه‌ک "پیلانێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌رامبه‌ر به ‌كورد هاتوووه‌ته‌ جێبه‌جێ كردن".

ڕۆژی شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق بودجه‌ی 2018ی په‌سه‌ند كرد كه‌ كورد له ‌ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ ناڕازییه ‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بایكۆتی ئه‌و دانیشتنانه‌ی كردبوو كه‌ په‌یوه‌ندیدار بوون به‌و پرسه‌وه‌.

ڕێزان شێخ دلێر ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له ‌ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عێراق كورد وه‌ک به‌شێكی وڵات ناسێنراوه‌ ده‌بێت پشكی خۆی چه‌نده ‌و چۆن په‌سه‌ندكراوه‌ له ‌پێشتردا به‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌گه‌ریش هاووڵاتیی عێراق نییه‌ ئه‌وه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێرێت ‌و قسه‌ی جدی له‌سه‌ر هه‌بێت".

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12181

Your Comment

You are replying to: .
captcha