هیوامان به‌ یارمه‌تیی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ نییه‌/ هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا 214 کوژراو و 615 برینداری لێکه‌وتۆته‌وه‌

به‌شی سووریا- سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین باس له‌ بێ‌هیواییی خه‌ڵکی کانتۆنی عه‌فرین له‌ یارمه‌تییه‌کانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ده‌کات.

جوان محه‌مه‌د سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ عه‌فرین دوایین دۆخی کوژراو و بریندارانی هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا ده‌خاته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌ بۆنه‌ی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانه‌ییی سوپای تورکیا و له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی هێرشی تورکیا تا ئه‌مڕۆ نزیک به‌ 214 که‌س کوژراون و 615 که‌سی دیکه‌ش بریندار بوونه‌.

ناوبراو وتیشی: له‌و ژماره‌یه‌ 82 ژن و 73 منداڵ بریندار بوونه‌ و 24 ژن و 28 منداڵیش شه‌هید بوونه‌. ئێستاکه‌ ژن و منداڵان له‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌کان و له‌ ژێرزه‌ویندا ده‌ژین به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ ژیانی ئاساییی خۆیان.

جوان محه‌مه‌د ده‌شڵێت: ژماره‌یێکی زۆر له‌ گوند و شارۆچکه‌کان ڕووخاون و ڕاجۆ و جندرس یه‌کێک له‌و ناوچانه‌ن. شه‌ڕێکی قورس خه‌ریکه‌ ئه‌نجام ده‌بێت و به‌رخۆدانیش درێژه‌ی هه‌یه‌.

سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێمه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرینین و خه‌ڵکه‌که‌مان به‌جێ ناهێڵین و جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێستاکه‌ پێویستییێکی زۆرمان به‌ ده‌رمان، که‌ره‌سته‌ و پێداویستیی پزیشکی هه‌یه‌ و که‌موکوڕییێکی زۆرمان له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ داوا له‌ ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و گه‌لی خۆمان ده‌که‌ین که‌ یارمه‌تیی خه‌ڵک بده‌ن.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان وه‌جبه‌یێکی پزیشکی که‌می بۆ ئێمه‌ ناردوووه‌ به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ بریندارانی ئێمه‌ به‌س نییه‌.

جوان محه‌مه‌د له‌باره‌ی یارمه‌تیی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و حکوومییه‌کان ڕاشی‌گه‌یاند: هیوایێکمان به‌ یارمه‌تیی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ نییه‌ و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش یارمه‌تییێکی ئه‌وتۆی ئاراسته‌ی ئێمه‌ نه‌کردوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12152

Your Comment

You are replying to: .
captcha