ئەندامێکی یەکێتی: ئەگەر تورکیا بەرەو شەنگال بجووڵێت، شەڕی گەورە دروست دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات دۆخی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە، هۆکارەکەشی بۆ هاوکارنەبوونی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەگێڕێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد،گەر تورکیا بەرەو شەنگال بجووڵێت، شەڕی گەورە دروست دەبێت.

کوردپرێس:

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، رایگەیاند، "هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بەشێک لە کێشەی نێوانیان بۆ عێراق گواستوەتەوە، هەریەکەیان و هەوڵی سڕینەوەی لاکەی تر دەدات."

لە گفتوگۆکەیدا، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکەی گارەی سوپای تورکیا کرد، وتی"ئێمە ئاگاداربووین، ئۆپەراسیۆنەکەی گارە ئامانجەکانی بەدی نەهێنا، نازانین سەرکردایەتی تورکیا چۆن بیردەکاتەوە، ئایا دەیەوێ بە ئۆپەراسیۆنێکی تازە لە شەنگال، قەرەبوی شکستەکەی گارە بکاتەوە یاخود نا."

بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، گەر تورکیا بەرەو شەنگال هێز بجوڵێنێت، هێزە عێراقیەکان دەستەوەستان نابن، وتی"پێموایە پێکدادان دروست دەبێت، گەر لەوە زیاتر هێزەکانی تورکیا بێنە خوارەوە، چونکە حکومەتی عێراق و هێزە شیعیەکان ناتوانن بێدەنگ بن."

بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، ڕوونیشی کردەوە گەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستوەردان نەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، یاخود گەر زلهێزەکان هاوکار نەبن و دەستوەردان نەکەن، عێراق ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.

News Code 1210

Your Comment

You are replying to: .
captcha