کۆپتەرێکی سوپای تورکیا لە عەفرین کرایە ئامانج

بەشی تورکیا- لە پێکدادانەکانی ٤١ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون کۆپتەرێکی سوپای تورکیا کرایە ئامانج و ژمارەیێکیش لە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئەرکانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە وەدەست کەوتوون لە ٤١ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا لە ناوچەی کلتەپەی گوندی حاجی بەلال پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزی تایبەتی جەندەرمە و پۆلیسی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی یەپەگە ڕووی داوە.

لە پێکدادانەکەدا ژمارەیێک لە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون و بریندار بوونە کە تا ئێستا سوپای تورکیا زانیارییێکی لەوبارەوە بڵاو نەکردۆتەوە.

هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کۆپتەرێکی جۆری ATAKی سوپای تورکیا کە دەیویست بریندارانی پێکدادانەکە بگوازێتەوە لەلایەن هێزەکانی یەپەگەوە کرایە ئامانج و لە ئاکامدا بێ ئەوەی بنیشێتەوە ڕووی لە بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا کردەوە.

پاش ئەم حاڵەتە دەسبەجێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شوێنی هێزەکانی یەپەگەیان بوردومان کردووە و پاشان کۆپتەرەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی خێتای بگوازنەوە.

تە ئێستا لەلایەن ئەرکانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە هیچ ئامارێک سەبارەت بە خەسارە گیانییەکانی ئەم پێکدادانە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە: هەواڵدەریی دۆغان

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12079

Your Comment

You are replying to: .
captcha