سلێمانی هاوکاری پزیشکی بۆ قوربانیانی عه‌فرین کۆ ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ سلێمانی ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ عه‌فرین كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و داواش له‌ خاوه‌نی‌ ده‌رمانخانه‌ و كۆگاكانی ده‌رمان ده‌كرێت هاوكاری عه‌فرین بكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه 26ی فێبریوێریی 2018 له ‌باره‌گای لقی سلێمانی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ هه‌ماهه‌نگیی ڕێكخراوی مانگی سوور و نوێنه‌رایه‌تی كانتۆنه‌كانی سووریا له ‌سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی كه‌مپێنێک ڕاگه‌یێنرا.

هاوژین عوسمان سه‌رۆكی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی لقی سلێمانی له ‌كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیشدا ڕای‌گه‌یاند: " له ‌ئێستادا بارودۆخی نه‌خۆشخانه‌كانی عه‌فرین خراپه ‌و به‌هۆی زۆری برینداره‌كانیشه‌وه‌ ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكیان كه‌م بۆته‌وه‌ و له‌ هیچ شوێنێكی دنیاوه‌ پشتگیری ناكرێن".

هاوژین عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ "داوا له‌ سه‌رجه‌م خاوه‌ن كۆگاكانی ده‌رمان و پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین به‌ ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی هاوكاری كه‌مپینه‌كه‌مان بكه‌ن".

ناوبراو ده‌شڵێت: كه‌مپینه‌كه‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و تیایدا ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و شوێنی كه‌مپینه‌كه‌ش له‌ شه‌قامی پیره‌مێردی سلێمانی ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11979

Your Comment

You are replying to: .
captcha