بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێزە کوردەکانی سووریا پاش یەک مانگ بەرخۆدان هەمبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین داوایان لە هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی سووریا کردووە لە خاڵە سنوورییەکانی شەڕ لەگەڵ تورکیا جێگیر ببن و یارمەتییان بدەن. ئەو هێزانە هەرچەندە کە بە بڕوای بەرپرسانی کوردی سووریا زۆر نین بەڵام ئێستا لە عەفرین جێگیر کراون.
مایکل ستێفنێس شرۆڤەکاری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و سەرۆکی سەنتەری RUSI لە یادداشتێکدا دەنووسێت ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق ڕێگری دەکات لە گەیشتنی ئەنقەر بە ئامانجەکانی لە عەفرین کە لە ژێر کونترۆڵی کوردەکاندایە.
ناوبراو لەو یادداشتەدا دەشنووسێت ڕووسیا کە لەو هێرشەدا پشتگیریی لە ئەنقەرە دەکرد ئێستا پشتی لێ هەڵکردووە و لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندووە هەر چەشنە ڕێگا چارەیێک بۆ قەیرانی سووریا دەبێت سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە لە بەرچاو بگرێت.
ستێفنێس لەو باوڕەدایە تورکیا لە باشوور و ئێستاش لە عەفرین ڕووبەڕووی دیمەشق بوەتەوە کە لە لایەن ڕووسیاوە پشتگیری لێ دەکرێت و لە منبج لەگەڵ ئەمریکا ڕووبەڕوو بوەتەوە، تورکیا تووشی کێشەیێکی جیددی بوەتەوە و مومکینە نەتوانێت بە ئامانجی خۆی لە عەفرین بگات.
ئەو کارناسەی پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: پاش جێگیر بوونی ئەو هێزانە کە وەکوو هێزێکی سەر سنوور دێنە ئەژمار، ناوچەیێک لە نێوان تورکیا و کوردەکان دروست دەبێت و ناوچە کوردنشینەکان لە ژێر کونتروڵی کوردەکاندا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، تورکیاش بەوە ڕەزا دەبێت و وەکوو سەرکەوتنێک ناوی لێدەبات.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment