بهپێی ههواڵی کوردپرێس، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەSNNی ڕاگەیاند: پارتی دیموکرات نایەوێت ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و دەیەوێت بەم شێوەیەی ئێستا بە ھەڵپەسێراوی بمێنێتەوە.
وتیشی: "ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم، ئەوە لە ئێستادا ھیچ دەسەڵاتێک بۆ ئەو پۆستە نەماوە و دابەش کراوە بە سەر سەرۆکایەتییەکانی حکوومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بۆیە دەبێت لە پێش ھەڵبژاردنەکان، پەرلەمانی کوردستان بە یاسا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بگێڕێتەوە بۆ پۆستەکە".
ڕاشیگەیاند: "یەکێتی لەگەڵ مانەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمە نەک ھەڵپەساردنی، بەڵام لە چوارچێوەی سیستمێکی پەرلەمانیدا، چونکە لە جیھاندا نەبوە پۆستێکی سەرەکی ھەڵپەسێردرێت.
بە وتەی فەرید ئەسەسەرد، پێویستە ھەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمیش بکرێت و دەسەڵاتەکانیشی بۆ بگێڕدرێتەوە یەکێتیش کاندیدی ھەبێت بۆ ئەو پۆستە.
ئەوەشی وت: "ئەگەر لایەنەکانی ناو پەرلەمان جەخت لە سەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بکەن، ئەوە پارتی ناتوانێت بە تەنھا ئەو داوایەی جێبەجێ بکات".
لە دوایین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند: مانگی نۆیی داھاتوو تەنیا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ھەرێم ناگرێتەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment