خەسرەو گۆران: پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسی دەزگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا ده‌كات له‌ زووترین كاتدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و مانگی داهاتووش واده‌كه‌ی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی دەزگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژ، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند: "پارتی له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان نییه‌ و داواش ده‌كات له‌ ماوه‌ی مانگی داهاتوو واده‌ی بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە وەك پارتی، لەگەڵ ئەوەدا بووین ھەڵبژاردنەكانی كوردستان لەكاتی خۆی بكرێت، كە دەبوایە لە كۆتایییەكانی ساڵی2017 بكرابوایە، بەڵام لەبەر بارودۆخی كوردستان و داگیركردنی كەركووك بەتایبەتی نەتوانرا ھەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، دوای ئەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین ئەمساڵ ھەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش ھەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت، چوونكە ماوەی پەرلەمان و حكوومەتی ئێستای كوردستان تەواو بوووە، بەڵام پارتی ناتوانێ بە تەنیا بڕیار بدات، وادیار بوو ھەندێك لایەنی دیكە نەیان دەویست بڕیار لە ئەنجام دانی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بدرێت".

گۆران ئاماژەی بەوەش دا: "رەنگە زۆر لایەنی سیاسیی كوردستان، چاوەڕێی ئەوە بكەن لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق، قەبارەی خۆیان و رێژەی دەنگەكانیان بزانن، بۆیە پێیان باش نییە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان پێشتر ئەنجام بدرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، لە دوو مانگی رابردوودا چەندین جار سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێم و پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان، بۆ دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان كۆ بوونەتەوە، بەڵام نەتوانرا بڕیار بدرێت، كە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرێت.

News Code 11745

Your Comment

You are replying to: .
captcha