تورکیا ناتوانێت بە تەواوی عەفرین کۆنترۆڵ بکات

بەشی جیهان- تەیموور ئەخمێتۆڤ بە کوردپرێس دەڵێت: بەهۆی جەماوەری زۆری کورد لە عەفرین تورکیا ناتوانێت بەسەر ئەو کانتۆنەدا زاڵ بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای تورکیا ڕای‌گەیاندووە لە ٢٠ جانیڤێریی ٢٠١٨ەوە تاوەکوو ئێستا کە ٢٨ ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون تێپەڕ دەبێت زیاتر لە ٤٠ گوند، شارۆچکەیێک و نزیک بە ٢٠ تەپۆڵکەی ستراتێجیکی داگیر کردووە. حکوومەتی تورکیا لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕای‌گەیاند دەیهەوێت هێزی یەپەگە بە تەواوی لە عەفرین دەربکات و کۆنترۆڵی ناوچەکە لە دەستی کوردەکان دەر بێنێت بەڵام پسپۆڕێکی ڕووس بۆ پرسی کورد باس لەوە دەکات کە دڵنیا نییە تورکیا بتوانێت بە تەواوی کانتۆنی عەفرین داگیر بکات.

ئەخمێتۆڤ لەمبارەوە زیاتر بۆ کوردپرێس دەڵێت: زۆربەی جەماوەری کانتۆنی عەفرین کوردن و هەر بۆیەش بەگومانم لەوەی کە تورکیا بتوانێت بە تەواوی کۆنترۆڵی عەفرین بکات. سەرەڕای ئەوەش من نابینم کە تورکیا هێز و جیهازاتی پێویست بۆ کۆنترۆڵ و ئیدارەدانی عەفرینی ئامادە کردبێت. ناکرێ بەبێ بەرنامە و پرۆژەیێک بۆ حکوومەتێکی ناوچەیی بڕۆیتە ناوی و داگیری بکەیت.

توێژەرەکەی پەیمانگەی ڕاشا دیرێکت هەروەها لەبارەی ئامانجی تورکیا لە هێرش بۆسەر عەفرین وتی: ئۆپەراسسیۆنەکە تاکتیکییە بەڵام ئامانجی ستراتێجیکی هەیە.

سەبارەت بەوەی تورکیا بە نیاز نییە لە درێژخایەندا لە عەفرین بمێنێتەوە ئەخمێتۆڤ ڕوونی کردەوە: وای بۆ ناچم کە تورکیا بیهەوێت بە تەواوی عەفرین کۆنترۆڵ بکات چوونکە ئەم کارە تێچووی زۆر دەخاتە سەر دەستی تورکیا و ئەم جارەیان بەرپرسیارێتیی هەموو توندوتیژییەکانیش دەخاتە ئەستۆی ئەو وڵاتە.

ئەم کارناسە باسی لە هەڵوێستی ڕووسیا هەمبەر کوردی سووریاش کرد و بە کوردپرێسی وت: کاربەدەستانی ڕووس بەردەوام بە کوردی سووریایان وتووە مافی خۆیانە لەپێناو بەرنامە سیاسییەکانیان شەڕ بکەن بەڵام لە ڕوانگەی ڕووسیاوە ئەو هەوڵە دەبێ لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا بێت. بە واتایێکی دیکە، کوردی سووریا نابێ خولیای ناوچەیێکی زیاتر لە سنوورەکانی سووریای لە سەردا بێت. لە دیدی ڕووسیاوە، هاوکاریی کوردەکانی سووریا و ئەمریکا ڕێک ئەو مانایە دەگوازێتەوە کە کورد بیر لە دەرەوەی سنوورەکانی سووریا دەکاتەوە چوونکە یەک بوونی کورد و ئەمریکا و تێکەڵ بوون لەگەڵ بەرژەوەندییە جیهانییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆتۆماتیک سنوورەکانی سووریا تێپەڕێنن و ببنە بەشێک لە پرسی سیاسیی ناوچەکە.

تەیموور ئەخمێتۆڤ بڕوای وایە ڕووسیا لەم هێرشەدا گڵۆپی سەوزی بۆتورکیا هەڵکردووە و دەشڵێت: نیازی ڕووسیا لەم کارە ئەوە بووە بە کوردی سووریا بڵێت ئەگەر بێت و شوێن خولیا ناوچەییەکانیان بکەون و بیر لەوە بکەنەوە سنوورەکانی سووریا تێپەڕ بکەن ئەوا دەسەڵاتانی ناوچەکە وەکوو عێراق و تورکیا بێدەنگ نابن.

سەبارەت بە شەڕی داعش و بەشداریی کوردی سووریا لە بەرنگار بوونەوەی تیرۆریزم و داهاتووی سیاسیی کورد کارناسەکەی ڕاشا دیرێکت دەڵێت: کورد قوربانیی زۆری لە پێناو بەرنگاربوونەوەی تیرۆر داوە. نیشانیان داوە بە پێکهێنانی ئەنجومەنی ناوچەیی و خۆجێیی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەتوانن ئیدارەی خۆیان بکەن و ئێستا کاتی ئەوەیە کە نیشان بدەن لەسەر سەروەریی خاکی سووریا هەڕەشە نین. ئەگەر کوردی سووریا سەقام و ئارامی بگەڕێنێتەوە سەر سنوورەکانی تورکیا دەتوانن لە نۆژەن کردنەوەی سووریاش هاوکاری بکەن و لە لایێکی دیکەشەوە ئەگەر وەفای خۆیان بۆ گەلی سووریا بنوێنن لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریادا یارییەکە دبەنەوە.

News Code 11673

Your Comment

You are replying to: .
captcha