هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ هۆی "لاواز بوون"ی پێگه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی و حیزبه‌ كوردییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كه‌ركووک له‌ ئێستاوه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ببێته‌ هۆی "لاواز بوونی پێگه‌ی كورد له‌و پارێزگایه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د عوسمان سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ که‌رکووک به ‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند: "ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسی ‌و عه‌سكه‌رییانه‌ی به‌ سه‌ر كه‌ركووكدا هاتوون، گۆڕانكاری له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا دروست ده‌كات."

محه‌مه‌د عوسمان ڕاشی‌گه‌یاند: "خه‌ڵكێكی زۆری كورد ئاواره‌ی که‌رکووک و سلێمانی بوون، له‌ به‌رانبه‌ردا عه‌ره‌بێكی زۆری هاورده‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ گۆڕانكارییه‌كان ناڕه‌وان ‌و له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نابن."

له ‌كۆی 12 كورسیی په‌رله‌مانی عێراق كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا 8 كورسیی به‌ده‌ست هێنا به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو پێشبینیی له‌ده‌ستدانی هه‌ندێک له‌و كورسییانه‌ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د شوانی سه‌رۆكی لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ كه‌ركووک) پێی وایه‌ خه‌ڵكێكی زۆری كورد له‌ كه‌ركووک ده‌نگ نادات چوونكه‌ خه‌ڵک بێزاره‌ و شۆكی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ری نه‌داوه‌.

محه‌مه‌د شوانی كه‌ وه‌كوو هاووڵاتی قسه‌ی بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا كرد به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی هێشتا ڕێوشوێنه‌ یاسایییه‌كان ماویه‌تی تاوه‌كوو سه‌رۆكی لیست ناوی بهێنرێت به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند: "پێش ڕیفراندۆم خه‌ڵكی كه‌ركووک هیوایێكی زۆری هه‌بوو به‌ڵام ئێستا تووشی نائومێدی بوووه‌ بۆیه‌ گه‌رم‌ و گوڕ كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركووک پێویستی به ‌دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو هه‌یه‌."

هه‌رچه‌نده‌ كورد به‌ په‌رته‌وازه‌یی‌ و فره‌ لیستی ده‌چێته‌ ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ كه‌ركووک به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان به‌ به‌هێزتر له ‌جاران دێنه‌ نێو ململانێكانه‌وه‌، به ‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب پێشبینیی 4 كورسی بۆ خۆی‌ و توركمانیش پێشبینیی 2 بۆ 3 كورسی ده‌كات.

جوان حه‌سه‌ن سه‌رۆكی لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ كه‌ركووک كه‌ لیسته‌كه‌ی كاندیدی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیشی تێدایه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد حكوومه‌تی عێراق وه‌كوو دۆڕاوی سیاسی‌ و سه‌ربازی له‌ كورد ده‌روانێت كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ و له‌قاڵبدانی كورد ده‌بێت.

جوان حه‌سه‌ن به ‌پێویستی ده‌زانێت كورد له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گه‌رچی به ‌لیستی جیا به‌شداری ده‌كات به‌ڵام گواستنه‌وه‌ی ململانێكانی هه‌رێم بۆ كه‌ركووک و هه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌له‌فی یه‌كتری و هێرش كردنی حیزبه‌ كوردییه‌كان بۆ سه‌ر یه‌ک، كورد له‌ كه‌ركووک زه‌ره‌رمه‌ندتر ده‌كات.

فره‌ لیستیی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركووک له‌ كاتێكدایه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كوو گه‌وره‌ترین هێزی سیاسیی سه‌ر ئاستی هه‌رێم بایكۆتی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووک ده‌كات ئه‌مه‌ش دوای نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ پێكهێنانی یه‌ک لیستی هاوبه‌ش بۆ هه‌موویان.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11654

Your Comment

You are replying to: .
captcha