بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەندی کە سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسەکە دەکات گوتوویەتی هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە بایەخێکی زۆرەوە پێشوازییان لە شاندی هەرێمی کوردستان کردوووە و رۆڵی هەرێمی کوردستان چ لە شەڕی داعش و لەخۆگرتنی ئاوارەکان و لایەنی مرۆییان لەبەرچاوە.
عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاوەدان کردنەوەی عێراق لە کوێت، لەبارەی ئەو چاوەڕوانیانەی هەیانە لە کۆنفرانسەکە بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "لە راستیدا ئەوەی چاوەڕوان کراوە تێگەیشتنە لە دۆخی عێراق لەم قۆناخە تازەیەدا، ئەو قۆناخەی پێی دەڵێن قۆناخی دوای داعش".
عەلی سندی دەڵێت، کۆمەڵێک ژمارە و توێژینەوە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقەوە ئامادە کراون، کە باس لە 100 یان 80 ملیار دۆلار یان هەر ژمارەیێکی دیکە دەکەن بۆ چالاکی جۆراوجۆر، "بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە کۆنفرانس دانیشتوووە و بڕیاری لەسەر دەدات".
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت تێبگات کە حکومەتی عێراق چۆن سەیری دۆخەکە دەکات و بەرەو چی دەچێت، چوونکە ئەوەی زانراوە لەلایەنی داراییەوە حکوومەتی عێراق هەم بودجەی خۆی هەیە و هەم کۆمەڵی بەرنامەی قەرزی نێودەوڵەتی هەیە لەلایەن سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی کە بۆ سێ ساڵ بۆ عێراق داڕێژراوە و بەردەوامە".
عەلی سندی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێستا لە کۆنگرەکەی کوێت تەرکیزی زیاتری لەسەرە بوارەکانی وەبەرهێنان و لایەنی مرۆییە.
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا، عەلی سندی دەڵێت: " هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان تانەت وڵاتی میوانداریش کە وڵاتی کوێتە بە بایەخێکی زۆرەوە پێشوازییان لە شاندی هەرێمی کوردستان کردوووە، هاوکات پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵی هەرێمی کوردستان چ لە شەڕی داعش و لەخۆگرتنی ئاوارەکان و لایەنی مرۆیییان لەبەرچاوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment