بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دوو شەممە 23ی ڕێبەندان بەشێک لە مامۆستایانی خانەنشين کە لە بەردەم وەزارەتی دارایی لە شاری هەولێر گرد بوونەوە و ڕایانگەیاند حکوومەت دوو مانگ جارێک مووچەى خانەنشینان دابەش دەکات و ئەمەش کارێکى نایاساییە، چوونکە بە درێژایی ڕاژە و کاری فەرمانبەر و مامۆستا، مانگانە بڕێک پارە لە مووچەکانیان دەبڕدرێت بۆ کاتى خانەنشینی و دەبێت بکرێتە سندوقێک، بەڵام دیارە هەموو ئەو پارانە خوراون و لە ئێستادا مووچەکە دوو مانگ جارێکیش بە تەواوی نادرێت.
یەکێک لە مامۆستایانى بەشداربوو ڕایگەیاند: لە ئێستادا بە دروشمى، 'چیتان دەوێـت مامۆستا... مووچەى سێ ساڵ پێش ئێستا'، بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان و حکوومەتى هەرێم یاساکان و بژێوی خانەنشینانی پێشێل کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی و کەلار مامۆستایان دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان گرد بوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بەشێک لەو مامۆستایانە ڕایانگەیاند حکوومەتی هەرێم هی ئەوە نییە داواکاری لێ بکرێت چوونکە پێشتر نەیتوانیوە کێشەکانیان چارەسەر بکات، هاوکات بە وتەی خۆیان لە حکوومەتی عێراقیش بێ هیوا بوون.
هەروەها هۆشداری ئەوە دەدەن کە هەتا مووچەکانیان بە تەواوی و بێ پاشەکەوت وەرنەگرن، بایکۆت ناشکێنن.
سەرچاوە: NRT
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment