بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری وڵات دەمەوئێوارەی ئەوڕۆ پێنچشەممە لە پێوەندییێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وێڕای ئاراستەی سپاس و پێزانین بۆ پیرۆزباییەکانی ئەردۆغان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: ئێمە بڕوامان وایە پێوەندییەکانی ئێران و تورکیا لە هەموو بوارەکاندا دەبێ بگاتە ئاستێکی ستراتێجیک.
سەرۆککۆمار وێرای ئاماژە بە ئامادە بوونی ئێران بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات دەریبڕی: بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات دەتوانێت یاریدەدەرێکی باش بۆ گەشەی پێوەندییە ئابوورییەکان بێت.
هەروەها باسی لە سەفەری ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران کرد و وتی: هەڕەشەی زۆر هەن لە ناوچەکەدا دژ بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و دیکەی وڵاتە ئیسلامییەکانیش. بە ئاوڕ دانەوە لە ڕوانگەی زۆر نزیکی دوو وڵات لە پرس و مژارە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان هاوکاری و ڕاوێژکاریی دوو لایەنەی ئێران و تورکیا دەبێ بەردەوام بێت.
دکتور ڕۆحانی بەردەوام بوونی هاوکاریی سێ قۆڵیی نێوان ئێران، تورکیا و ڕووسیای بە پێویست زانی و ئاماژەشی بە پێشنیاری کۆبوونەوەی سەرۆکانی هەرسێ وڵات لە ئەستەمووڵ کرد و وێڕای پێشوازی لەو پێشنیارە داوای کرد لەمبارەوە ڕاوێژی پێویست ئەنجام بدرێت.
سەرۆککۆماری تورکیاش لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان و ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە دکتور ڕۆحانی و هەموو گەلی ئێران خوازیاری گەشە سەندن و بەربڵاو بوونەوەی پێوەندییەکانی دوو وڵات بوویەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جەختیشی کردەوە بەکار هێنانی پارەی نەتەوەیی لە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتدا زۆر گرینگە و دەتوانێک بازدانێک بێت لە پێوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات.
سەرۆکی تورکیاش ئاماژەی بە نزیک بوونی بیروڕای دوو وڵات لە پرسە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کرد و وتیشی: هەڕەشەی نوێی ناوچەکە نیشان دەدەن کە هاوکاریی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا زۆر گرینگە و ئێمە لە پەرە پێدانی هاوکاری لە بەرنگار بوونەوەی تیرۆر زۆر خۆشحاڵ دەبین.
هەروەها باسی لە دەسکەوتەکانی سۆچی کرد و لە دکتور ڕۆحانی داوای کرد لە دانیشتنە پێشنیار کراوەکەی ئەستەمووڵ بەشداری بکات.
باسی لەوەش کرد هەندێک لە سەرۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەریان بڕیوە کە پێیان خۆشە لەو دانیشتنە سێ قۆڵییەی ئێران، تورکیا و ڕووسیادا بەشداری بکەن.
سەرچاوە: بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment