یەکێتی، سەروبەندی ئاڵوگۆڕی چارەنووسساز و هەوڵ بۆ دەست خستنەوەی پێگەکەی جاران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا وێڕای شی کردنه‌وه‌ی دۆخی ئێستای حیزبه‌که‌، کۆنگره‌ی چواره‌می به‌ گرینگترین کۆنگره‌ی‌ مێژووی یەکێتی زانی و گوتی: ئەرکی سەرکردایەتیی نوێیە کە بەرنامە و پلانی پێویست بۆ سیاسەتی یەکێتی لە هه‌ڵبژاردندا دیاری بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان پاش کۆچی دواییی جه‌لال تاڵه‌بانی دامه‌زرێنه‌ر و سکرتێری ئه‌و حیزبه‌ و لێکەوتە قورسەکانی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌کانی 16ی ئاکته‌وبری 2017 -که‌ هه‌موو ناوچه‌ جێناکۆکەکان له‌ کۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌دا نه‌ما- پێی نایە خراپترین دۆخی سیاسیی خۆی له‌ سەرەتای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا. ئه‌و دۆخه‌ش کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی به‌رجسته‌تر کرد و کێشه‌یێکی دیکه‌ی دروست کرد که‌ کاریگه‌ریی دەبێت له‌ داهاتوو و پێگه‌ی حیزب له‌ ساحەی سیاسیی عێراقدا. کوردپرێس بۆ شەن و کەو کردنی دۆخی ئێستای یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و له‌مپه‌ڕ و کێشه‌کانی بەستنی کۆنگره‌ی چواره‌م و هه‌روه‌ها پێشبینییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌نجام داوە.

فەرید ئەسەسەرد سه‌باره‌ت به‌و کۆسپانه‌ که‌ له‌ به‌رده‌م به‌رێوه‌چوونی کۆنگره‌ی ئه‌و حیزبه‌دایە، وتی: کۆسپه‌کان زۆرتر په‌یوه‌ندییان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چوار ساڵ به‌ سه‌ر واده‌ی به‌ستنی کۆنگره‌ تێپه‌ڕیوه‌ ئه‌مه‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی دروست کردوووه‌. توانیومانه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شێکی زۆر له‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئه‌مڕۆ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی باڵای کۆنگره‌‌ ده‌ستی به‌ کاره‌کانی خۆی کرد. لێره‌ به‌دواوه‌ تا ئه‌و کاته‌ی که‌ کۆنگره‌ ئه‌به‌سترێت ئه‌م کۆمیته‌یه‌ ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ ده‌کات و کۆنگره‌ ئه‌به‌سترێت.

ئه‌سه‌سه‌رد سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌کان بۆ سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی له‌ دوای کۆنگره‌ و ئه‌گه‌ره‌کان له‌باره‌ی ئه‌نجومه‌نی کردنی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ و یان دیکه‌ی بژارده‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: باس کردنی ئه‌وه‌ له‌ ئێستاوه‌ تۆزێک قورسه‌، چوونکه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆمان هه‌یه‌. هه‌ر یه‌ک له‌و سێ په‌یڕه‌وی ناوخۆیه‌ شێوه‌یێکی جیاوازی یه‌کێتی پێشکه‌ش کردوووه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ سێ په‌یڕه‌و بچین بۆ کۆنگره‌. ئه‌بێت یه‌کیان بخه‌ین و یه‌ک فورمی دیاری کراو بۆ پێکهاته‌ی یه‌کێتی دیاری بکرێت. له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو حه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌کلایی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌ کاته‌ ده‌رئه‌که‌وێت شێوه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی تازه‌ی یه‌کێتی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا باشتر بگونجێت چ شێوه‌یێک وه‌رئه‌گرێت.

سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ستراتێژیکی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی یه‌کێتی بۆ بەشداری کردنی ڕکابه‌رییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگ و قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی که‌ له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌ماندا له‌ ده‌ستی دا وتی: ئێمه‌ کارێکی وامان کردوووه‌ کۆنگره‌ بکه‌وێته‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ ئه‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی سه‌رکردایه‌تی تازه‌ که‌ له‌ کۆنگره‌ هه‌ڵئه‌بژێردرێت. ئه‌و به‌رنامه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ دائه‌نێت و ئه‌و سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌کات.

ناوبراو له‌ درێژه‌دا زیادی کرد که‌ کۆنگره‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ نه‌خشه‌یێک بۆ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن دانانێت. به‌ڵام ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ی که‌ له‌و کۆنگره‌یه‌ هه‌ڵئه‌بژێردرێت ئه‌و ئه‌رکی دروست کردنی هاوپه‌یمانی ئه‌گه‌ر به‌ پێویستی بزانێت یاخود چوون بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ لیستێکی تایبه‌ت به‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان یاخود هه‌ر شێوازێکی‌تر که‌ سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ پێی باش بێت. ئه‌م ئه‌رکه‌ ئه‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی سه‌رکردایه‌تیی تازه‌ی هه‌ڵبژێردراو.

ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی کردنی ئاستی ده‌نگه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ڕووی دا، وتی: من بۆچوونم وایه‌ که‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زۆرتر به‌نده‌ به‌ کۆنگره‌، ئه‌گه‌ر بتوانێت کۆنگره‌یێکی سه‌رکه‌وتوو به‌و جۆره‌ی که‌ خۆمان ئه‌مانه‌وێت ئه‌نجام بده‌ین و سه‌رکردایه‌تیی تازه‌ش بێته‌ ئاراوه‌، یه‌کێتییێکی تازه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مایێکی تازه‌ که‌ ته‌واو جیاواز بێت له‌ یه‌کێتییی خوله‌کانی پێشوو، پێم وایه‌ ئه‌توانین ئه‌و کێشه‌ی که‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌کێتی و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی له‌ ئارادا بوووه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌به‌سترێته‌ سه‌ر ئه‌ندامی کۆنگره‌که‌ به‌ هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م کۆنگره‌یه‌ ئه‌که‌ین و پێمان وایه‌ ئه‌م کۆنگره‌ی چواره‌م که‌ گرینگترین کۆنگره‌یه‌ له‌ مێژووی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌‌ جیابوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتیی یه‌کێتی و پێکهێنانی لیستێکی نوێی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن ناوبراوەوە وتی: مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌کوو یاریی دوو گوڵییه‌. پێشوو زۆر زه‌حمه‌ته‌، ئه‌ندامێتیی کۆنگرێتی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت. به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێکدا هه‌ر حه‌وزه‌یێک کار بۆ خۆی ده‌کات و به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ خۆی دائه‌نێت ئه‌مه‌ ڕکابه‌ریێکی یاسایی و شه‌رعییه‌ له‌ نێوان حیزبه‌کاندا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ ئێستادا پێشبینی هه‌ر شتێک بکرێت به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. پێم وایه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین که‌ تووشی هیچ کێشه‌یێک له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی تر نه‌بین که‌ ڕکابه‌ری ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ڕکابه‌ری ئه‌وانین به‌ڵکوو کارێکی وا بکه‌ین که‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ شێوه‌یێکی ئاسایی به‌ڕێوه‌ بچێت و له‌ کۆتاییدا ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگ ئه‌هێنێت چ ئێمه‌ بین چ لایه‌نی‌تر بێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانی پاک بوو و گوزارشتیان له‌ بۆچوونی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر کرد له‌ هه‌موو حاڵدا هه‌ر سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ خودی پڕۆسه‌که‌. پڕۆسه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو بێت به‌ لامانه‌وه‌ زۆر گرینگه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێکیش ئه‌ده‌ین که‌ جێگایێکی شیاو بۆ یه‌کێتی له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌کاندا پێکبێنین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11394

Your Comment

You are replying to: .
captcha