کوردپرێس- كۆمپانیای (ماس) كە یەكێكە لە كۆمپانیا بەنێوبانگەكانی هەرێمی كوردستان و ئێستا خاوەنی كارگەی چیمەنتۆ و ئاسنە، سێ كارگە بۆ دەرهێنانی ئاسن لە چیاكانی سنە و سەقز دادەمەزرێنێ.
ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئیدارەی كۆمپانیای ماس دەڵێ ئەوان لە بازیان كارگەیێكی ئاسنیان هەیە جگە لە 7 بۆ 8 كارگەی ئاسنی دیكە كە هی كۆمپانیاكانی دیكەن "ئەو كارگانە رۆژانە پێویستیان بە كەرەستەی سەرەتایی ئاسنە و هەمووشمان پشتمان بە ئاسنی سكرابی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەستوووە".
ئێستا كۆمپانیای ماس و كۆمپانیاكانی دیكەی ئاسن لە هەرێمی كوردستان ترسی ئەوەیان لێنیشتووە كە سكرابی ئاسن بەرەو كەم­بوونەوە بڕوات. بۆیە ناچارن بیر لە دانانی كارگە بكەنەوە بۆ بەرهەمهێنانی كەرەستەی سەرەتاییی ئاسن.
ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت: " لە ئێران كەرەستەی سەرەتاییی ئاسن زۆرە، ئێمەش بیرمان لەوە كردەوە لە شوێنێك بێ، ئاسنەكەی لێ نزیك بێ و هەم لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانیش نزیك بێ".
هەرێمی كوردستان بە ناوچەیێكی دەوڵەمەندی ئاسن دەناسرێ، بەڵام هیچ سەرمایەدارێك وەبەرهێنانی لە ئاسنی پێنجوێندا نەكردوووە. ئێستا وەبەرهێنێكی كورد بەسەر پێنجوێندا پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی سنە و سەقز لە كوردستانی ئێران.
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، بەشێك لەو وەبەرهێنەرە كوردانەی سەرمایەكانیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندوووە، روویان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی لە كار و سەرمایەگوزاری دانەبڕێن.
سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) هەواڵی دەست­بەكاربوونی سەرمایەدارێكی هەرێمی كوردستانی لە پارێزگای كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن، وەك هەواڵێكی مژدەبەخش دایە وەبەرهێنەرانی باشووری كوردستان و گوتی "كاریگەرییێكی زۆری لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەو كارگەیە دەبێتە هۆی دەستەبەركردنی چەند هەزار هەلی كار لەناوخۆی ئێران".
كارگەكان لە نزیك شاری سەقزی پارێزگای كوردستان دەبن. ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت "لەو ناوچەیە ئاسن زۆرە و لە سنووری هەرێمی كوردستانیش نزیكە. سەبارەت بە كاتی دەست­بەكاربوونیان گوتی "ئێستا قۆناغی تەندەرین لەگەڵ كۆمپانیایێكی تایبەتمەندی ئێرانی كۆتایی هاتوووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی دەست­بەكار ببین".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment