بهپێی ههواڵی کوردپرێس، تۆڕى میدیاى سەربەخۆ لە تورکیا بڵاوی کردەوە، فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری شرناخى هەدەپە کە لە ئێستا لە زیندانى جۆرى ئێفى کاندرییە زیندانی کراوە، لە لایەن پەرلەمانى تورکیاوە مافى پەرلەمانتاریى لێسەندرایەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە لایەن دادگاى تێهەڵچوونەوەى دیلۆکەوە داواى ئەوە کرابوو مافى پەرلەمانتارى لە ئەنجو بسەندرێتەوە و ئەو داوایە ڕەوانەى پەرلەمانى تورکیا کرا بوو. پەرلەمانى تورکیاش ئەمڕۆ ئەو داوایهی پەسەند کرد و مافى پەرلەمانتاریى ئەنجوى هەڵوەشاندنەوە.
فەرهاد ئەنجو نوێنەرى شارى شڕناخ لە پەرلەمانى تورکیا لە سەر لیستى هەدەپە، کەسوکارى ئەو ٣٤ هاووڵاتییەیە کە لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١ لە ڕۆبۆسکى شەهید بوون. ئەنجو ڕۆژى ٤ى نۆڤێمبێریی ٢٠١٦ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیر کرا و لە دواى ٣ مانگ لە دوورخستنەوە و مانەوەى لە زیندانی کۆجالى کە هەزار و ١٧٠ کیلۆمەتر لە شرناخەوە دوورە، ڕۆژی ١٥ى فێبریڤێریی ٢٠١٧ ئازاد کرا، بەڵام جارێکی تر و لە دواى ٢ ڕۆژ لە ئازاد بوونى لە ١٧ى فێبریڤێریی ٢٠١٧دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستیگر کرایەوە.
لە دواى ئەوەش دادگاى تورکیا ڕۆژى ٩ى جوونی ٢٠١٧ بە تۆمەتى ئەوەى فەرهاد ئەنجو پڕوپاگەندەى بۆ پەکەکە کردوووە لە لایەن دادگاى تورکیاوە سزاى ٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١٠ ڕۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. هەروەها بە تۆمەتى ئەوەى دژایەتیی یاساى ژمارەی ٥٤٤٢ى بەڕیوەبردنى شارى کردوووە، سزاى ١٠ مانگ زیندانی کردنى تری بەسەردا سەپێنرابوو و لە ئێستادا لە زیندانى کاندرییە زیندانی کراوە.
لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیادا لە ١ى نۆڤێمبێری ٢٠١٥دا بەڕێوە چوو، هەدەپە ١٠.٦%ی دەنگى دەنگدەرانى تورکیاى بەدەستهێنا و لە پەرلەمانى تورکیا بوووە خاوەنى ٥٩ کورسى. بە لێسەندنەوەى مافى پەرلەمانتارى لە فەرهاد ئەنجو ژمارەى پەرلەمانتارانى هەدەپە بوو بە ٥٢ پەرلەمانتار. جگە لەوەش حکوومەتى تورکیا ٩ پەرلەمانتاریترى هەدەپەى زیندانی کردوووە.
ئەو پەرلەمانتارانەى هەدەپە مافى پەرلەمانتارییان لێسەندراوەتەوە بریتین لە: فیگەن یوکسەکداغ، فەیسەڵ ساری یەڵدز، توبا هەزەر، نورسەل ئایدۆغان، بەسیمە کۆنجا، لەیلا زانا و فەرهاد ئەنجو.
سهرچاوه: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment