بەپێی هەواڵی کوردپرێس هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم ڕایگەیاند: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتمان بە كەس نەبەستوووە و لە یەكەم ڕۆژەوە تەنیا هێزی گەل بە بنەما وەرگیراوە، ئێستاش هەر بەو هێزە بەرخۆدان دەكەین و هەر بەو هێزەش سەر دەكەوین".
ئاڵدار خەلیل دەربارەی «بەرخۆدانی گەورەی سەردەم» لە عفرین و هێرشەكانی توركیا ڕایگەیاند: "دووهەمین هێزی ناتۆ بە هەموو تەكنەلۆژیای خۆیەوە ماوەی ١٠ڕۆژە هێرش دەكاتە سەر عەفرین، ئەوە بۆ خۆی نیشانی دەدات كە لە عفرین خۆڕاگرییێكی مێژوویی لە ئارادایە و دەوڵەتی توركیا هیچ شانسێكی بۆ سەركەوتن نییە".
ئاڵدار خەلیل، ئاماژە بەوە دەكات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ زۆر لایەنی نێونەتەوەیی دانیشتوون و چەندین نامەیان ناردوووە و زۆر وتووێژیان ساز كردوووە.
دەربارەی هەڵوێستی ئەو لایەنانە ڕایگەیاند: "ئەو كارەی ئەردۆغان وەكوو كارێكی دژه مرۆڤانە دەبینن و پێیان وایە كە ئەوەی ئەردۆغان دەیكات لە زەرەری پلان و پڕۆژەكانە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و ڕێگە بۆ زیندووبوونەوەی داعش دەكاتەوە".
ئاڵدار خەلیل هێمای بۆ ئەوە كرد هەڵسەنگاندنی ئەو لایەنانە بەو شێوەیەیە، بەڵام بە كردەوە ناتوانن بڕیارێكی ڕاشكاوانە بدەن.
ئاڵدار خەلیل لە درێژەی لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند: "ئێمە هەموو كات لایەنگری چارەسەرییێكی سیاسین و لە كوێ هەوڵدانێكی بەو شێوەیە بێتە ئاراوە، پشتگیری لێ دەكەین. ئێمە بە ئەرێنی لە دانیشتنی سۆچی دەڕوانین، بەڵام ڕووسیا لە بەر بەرژەوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا ڕێككەوتنی كرد كە هەندێک گرووپی جیاجیا بەشداری دانیشتنی سۆچی بن. ئەوە پلانەكانی سۆچی سەروبن كرد. ئەو ئەنجامەنەی كە لە سۆچی پێشبینی دەكران، ئیدی دەرناكەون. هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانێكی شكڵیدا دەمێنێتەوە".
خەلیل وتیشی: "لە دۆخێكدا كە فڕۆكەی شەڕ، ئارامترین و ئاشتیانەترین هەرێم بۆردومان دەكات، دەكرێ دانیشتنی ئاشتی بەڕێوە بچێت؟ لەو هەلومەرجەدا شتێكی ڕاست نییە كە ئێمە بەشداری كارێكی وەكوو سۆچی بكەین، لە كاتێكدا كە بێ ئەنجامیش دەبوو. بۆ خۆیان هەندێک پلانیان لە سەر سۆچی ئامادە كردوووە، چۆن دانیشتنەكانی جنێف و هەموو دانیشتنەكانی دیكە بێ ئەنجام مانەوە، چارەنووسی سۆچی-ش هەر بەو شێوەیە دەبێت. ئەو زەمینەیەی كە لە سەر بەشداربوونی ئێمە لە سۆچی دەبوو بە ئاستەنگ، بوو بە هۆكاری بێ ئەنجام مانەوەی سۆچی".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment