بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ھەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتە مۆڵگە بۆ داعش بە ھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی کوردی و عێراقیی لێ نییە، ئەوەش مەترسییێکی گەورەیە، چوونکە داعش لەوێ خۆیان رێک دەخەنەوە و کردەوە ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزووی خۆی مامەڵە دەکات، بۆیە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر مەترسیدارە.
زێباری گوتیشی، داعش رۆژانە کردەوە ئەنجام دەدات و بەردەوام ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و دەیانکوژێت، گوندەکانیش بەردەوام لە ترسی داعش چۆڵ دەکرێن، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت و ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، زۆر زۆر خراپتر دەبێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، داعش کردەوەی پارتیزانی ئەنجام دەدات، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە و تەشەنە دەکات، چوونکە داعش بە ھۆی لاوازیی ھێزە عێراقییەکانەوە، زۆر بەهێز بووە.
زێباری دەشڵێت، حکوومەتی عێراق ھیچ رێگایێکی دیکەی نییە جگە لەوەی لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، بەغداش نایەوێت بیکات، چوونکە دەزانێت زۆرینەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کوردن و ناوچەی کوردستانین، ھەر بۆیەش ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکەن، چوونکە ترسیان ھەیە ناوچەکان بێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، کە لە کۆتاییشدا ھەر وا دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment