تورکیا پاش چەندین مانگ هەڕەشە دواجار ڕۆژی ٢٠ی جانیڤێری بەهاوکاریی چەندین گرووپی چەکداری سووری کە خۆی پشتیوانییان لێوە دەکات و لە بێدەنگیی ڕووسیا و ئەمریکادا کە وەکوو سەرەکیترین دۆست و هاوپەیمانی کورد لە سووریا دەناسران، لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشی کردە سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
پاساوی تورکیا بۆ ئەم هێرشە بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمە. تورکیا گرووپی کوردی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە هێزە سەرەکی لە شەڕی دژە داعش بوون و بەشی سەرەکیی سوپای دیموکراتیکی سووریان، بە لقی سووریی پارتی کرێکارانی کوردستان واتە پەکەکە دەزانێت و لای ئەو وڵاتە یەپەگە تیرۆریست هەژمار دەکرێت. تورکیا ئیدیعا دەکات ئەو چەک و تەقەمەنییەی ئەمریکا ڕادەستی یەپەگەی دەکات دەگاتە دەستی پەکەکە و دژ بە تورکیا بەکار دەهێنرێت و یەپەگە ئاسایشی ٩٠٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ سووریای خستۆتە مەترسییەوە. حکوومەتی تورکیا بەم بیانووە و بەپێی بڕگەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی 1624، 2170 و 2178ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وا نمایش دەکات کە هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر عەفرین بەرگریی شەرعی و بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمە.
کاربەدەستانی تورکیا لەوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار، بیناڵی یێڵدرم سەرۆکوەزیران و مەولوود چاوش ئوغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیتا پەیتا جەخت دەکەنەوە تا دوابڕی تەواوی یەپەگە شەڕەکە بەردەوام دەبێت. چەندین جار ڕایانگەیاندووە شەڕەکە لە عەفرین کۆتاییی پێنایەت و تێکڕای ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان لە باکووری سووریا دەگرێتەوە و ئامانجی دوای عەفرین مەنبەجە. هەر ئەو شارەی کوردەکان بە هاوکاریی ئەمریکا ڕزگاریان کردووە و هەر ئێستاش هێزەکانی ئەمریکا لەوێن.
دیار نییە بەرپرسانی تورکیا چییان لە شەڕەکە چاوەڕوان دەکرد بەڵام ئاشکرایە پاش دە ڕۆژ شەڕی ئاسمانی و وشکایی لەلایەن سوپایێکی بەهێزی ناتۆوە دژ بە کانتۆنی چکۆلەی عەفرین، داگیر کردنی کێوێک و چەند گوندێک (تورکیا دەڵێت ١٦ گوند و ٦ تەپۆڵکەی داگیر کردووە) ئەو دەسکەوتە نییە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بکرێتە کارتی یاری و هێندەش لاوازە تەنانەت لە ناوخۆشدا شانازیی پێوە ناکرێت. ئەوەش دیارە کێشانی شەڕ بۆ هەموو ناوچەکانی باکووری سووریا ناکرێت. ئەمریکا لەم ناوچانە هێزی هەیە و نایەوێت بەهۆی دوژمنایەتیی تورکیا لەگەڵ کوردەکان هێزەکانی لەو ناوچەیە بەرێتە دەرەوە و پێگەی لەدەست بچێت، لەمبارەوە هۆشداریشی داوە بە تورکیا کە ڕوو لە مەنبەج نەکات. کەواتە لەناوبردنی تەواوی یەپەگە تەنیا فشەیە.
تورکیا ناشتوانێت چاو ببڕێتە خاکی سووریا چوونکە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەو مۆڵەتەی پێنادات. لەم حاڵەتەشدا چیدی باس باسی گرووپێکی چەکدار نییە کە تەنیا بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم و دەستوپێوەندەکانی چەکدار کراوە و پاش لەناوچوونی تیرۆریسم بەکەڵک نایەت و بە ئاسانی مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵکوو بابەتەکە سەروەریی خاکی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لەلایێکی دیکەشەوە بلۆکی ئێران – ڕووسیا – سووریا ئەو بابەتە قبووڵ ناکەن.
ڕەوتی ئێستای شەڕی عەفرین وا نیشان دەدات کۆنترۆڵ کردنی ئەو شارە و وەدەرنانی یەپەگە لەو ناوچەیە بەمزووانە ئەنجام نادرێت. تورکیا ئەگەر بیهەوێت سەرکەوتووی ڕاستەقینەی شەڕەکە بێت دەبێ تێچووی مادی و مەعنەویی شەڕێکی درێژخایەن قبووڵ بکات و بە دڵنیاییەوە بیرۆکەی گشتی لە دەرەوە و ناوەوەی تورکیا هەڵگری ئەو شەڕە درێژخایەنە نابێت. کورد و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دژ بە شەڕەکەن و ڕەنگە شەڕەکە درێژ ببێتەوە وڵاتەکە تووشی نائارامی بکەن. ولاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانیش دواجار دەنگیان دەردێت و لە سەروەریی خاکی سووریا و ئەو بێگوناهانەی لەم شەڕەدا خوێنیان دەڕژێت بەرگری دەکەن. ژمارەیێکی زۆری سەرچاوە و ژێدەری نێونەتەوەیی ڕایانگەیاندووە ئەو بڕگە و مادە یاساییانەی تورکیا بۆ پاساوی هێرش بۆسەر عەفرین کەڵکی لێوەر گرتوون یەک ناگرنەوە. سەرەڕای ئەمانە، ئەگەر هەیە بێت و پێگەی یەپەگە لە عەفرین لاواز ببێت هەر ئەو جۆرەی موراد قارایلان لە ڕێبەرانی پەکەکە باسی کردووە، ئەو حزبەش بێتە کایەوە و هێرشەکانی لە ناوخۆی تورکیا بگەشێنێتەوە و ببێتە دەردیسەرییێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە.
زۆربەی کارناسان و پسپۆڕان دەڵێن بێگومان یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕی عەفرین سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە کە بڕیارە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەبچێت، ئەگەرچی ئەگەریش هەیە کاتەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. درێژ بوونەوەی شەڕی عەفرین ئەردۆغان لەو ئامانجە دوور دەخاتەوە هەر بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر شەڕەکە لە کورتە خایەندا لە بەرژەوەندیی تورکیا تەواو نەبێت، سەرکردەی تورکیا دەرەنجامێکی درۆینەی پڕ لە حەماسەت و شانازی لە شەڕەکە بە باشتر دەزانن تاوەکوو تێچووەکانی درێژ بوونەوەی شەڕەکە. ئەم بڕیارەش بە هاوکاریی میدیای سەر بە حکوومەت و دەمبەس کردنی میدیاکانی نەیاری حکوومەت هەڵبەت ئەگەر وەها میدیایێک لە تورکیادا هێشتا مابێت، جێبەجێ دەکرێت و بەم شێوەیە دەنگی سەرکەوتنی ئەردۆغان بە دەستی نەتەوەخوازەکانی تورکیا دەچێتە سندووقی هەڵبژاردنەوە.
شێوازی ڕاگەیاندنی ئاماری خەسارەکانی یەپەگە لە ڕۆژی یەکەمی شەڕیشەوە تێکەڵ بە فشە و یەک بە هەزار کردن بوو و ئەمەش لە میدیاکانی نزیک لە حکوومەت ئاشکرا بوو. هەندێک ژمارە وەکوو 303، 343، 394، 447، 484، 557، 597، 616 و لە دواهەمین ئاماریشدا ٦٤٩ کوژراو بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل کە لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە دەبیسرێت و لە میدیاکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە لەگەڵ ڕاستییەکانی گۆڕەپان و ئەو ڕاپۆرتانەی لایەنی دیکەی شەڕەکە و دیکەی چاوەدێران بڵاوی دەکەنەوە یەک ناگرێتەوە. گومانی تێدا نییە هەردوو لایەن لە ڕاگەیاندنی ئامارەکاندا ڕاست ناڵێن، یەپەگە بۆ بەرز ڕاگرتنی ورەی شەڕڤانەکانی و تورکیاش بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەران، هەر بۆیەش چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر دیکەی وڵاتانی ناوچەکە وەکوو حکوومەتی ناوەندیی سووریا، ئێران، ڕوسیا و ئامریکا ڕۆڵی خۆیان نەگۆڕن، ئەوا تورکیا ئامارێکی خەیاڵی لە ژمارەی کوژراوانی "تیرۆریستەکان" ڕادەگەیێنێت و باس لە چەند شەهیدێکی قارەمانی هێزە چەکدارەکانی خۆی دەکات و وەکوو سەرکەوتووی شەڕەکە بە سڵام و سەڵوات کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و بەو هیوایەی ناوی ئەردۆغان لە سندووقەکانی دەنگدانەوە بێتە دەرەوەی ورەی حەماسیی شەڕ لەگەڵ کورد تا کاتی هەڵبژاردن کە ڕەنگە زووتریش بەڕێوەبچێت، ڕادەگرێێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment