پارێزگاری سلێمانی پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەی لامەرکەزیەت دووپات دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارێزگارى سلێمانى وێڕای پشتگیری کردنی پڕۆژەی لامەرکەزییەت ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "كابینه‌ى ئێستاى حكوومه‌تى هه‌رێم كابینه‌ى قه‌یرانه‌و تواناى بیركردنه‌وه‌شى لاوازبوه‌، ده‌بێت پێى بڵێى چاكى مه‌كه‌ با خراپ نه‌بێت".

کوردپرێس:

له‌میانى (دیدارى سلێمانى بۆ لامه‌ركه‌زى) د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى باسى له‌پرسى لامه‌ركه‌زى بۆ سلێمانى كردو ڕایگه‌یاند، "داواى ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕیی‌و دارایی ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت سه‌رقاڵنه‌بێت به‌هه‌ندێك پرسه‌وه‌ له‌كاتێكدا حكومه‌ت ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌ترى له‌ئه‌ستۆیه‌، ئه‌و داواكاریه‌مان كردوه‌، دواتر ئه‌وه‌ بزانن ئه‌مه‌ داواكاریی ته‌نها سلێمانیی نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو پارێزگاكان‌و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستانیشه‌".

پارێزگارى سلێمانى ڕونیكرده‌وه‌، "حكومه‌ت نابێت ئه‌م داواكاریه‌ى پێناخۆش بێت، چونكه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌و داواكاریی ڕووى له‌وه‌، ئێمه‌ زۆر له‌مێژه‌ داواى جێبه‌جێكردنى یاساى ژماره‌ 3‌مان كردوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌".

ئه‌وه‌شى وت:"به‌یانى ژماره‌ 1ى ساڵى 2018 كه‌ بۆ چواره‌م ساڵه‌ نوێده‌كرێته‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتى دارایی‌و ئیداریی به‌پارێزگاكان نه‌دراوه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئارامیش به‌پارێزگاره‌كان نه‌دراوه‌، به‌سوپاسه‌وه‌ بۆ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌یان به‌ئێمه‌ داوه‌".

وه‌كو پارێزگارى سلێمانى وتى:"حكومه‌ت واجبى كردوه‌ كه‌ هه‌موو داهاته‌ ئێمه‌ به‌رپرسین، به‌ڵام بۆمان هیچى لێ سه‌رفبكه‌ین بۆ ئیداره‌ى پارێزگاكه‌مان".

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر یاساى ژماره‌ 3ى لامه‌ركه‌زى له‌هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت ئه‌وا 6جۆر داهات دێته‌ به‌رده‌م پارێزگاو ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كه‌ ئه‌وكات ده‌توانین پارێزگاكانى پێ ببوژێنینه‌وه‌، دواتر لامه‌ركه‌زى ئێستا بۆته‌ داخوازیه‌كى سیاسی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌وڵه‌ت جیا بكه‌ینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌داهاتى سلێمانیش د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئاشكرایكرد، "داهاتى سلێمانى ئه‌گه‌ر لێى نه‌برێت‌و هێزه‌كان متمانه‌یان به‌ئیداره‌كه‌یان هه‌بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌هه‌موو پارێزگاكان ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌، چونكه‌ گه‌وره‌ترین وه‌حده‌ى ئیدارییه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق‌و 16 قه‌زا و 46 ناحیه‌و 6 ده‌روازه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌و زۆرترین غازى عێراقیش له‌پارێزگاى سلێمانیه‌".

بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌كانیش له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ پارێزگارى سلێمانى ڕاشكاوانه‌ وتى:"كابینه‌ى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێم كابینه‌ى قه‌یرانه‌و تواناى بیركردنه‌وه‌شى لاوازبوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پێى بڵێین چاكى مه‌كه‌ با خراپ نه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ ڕون بێت لاى هه‌موان لامه‌ركه‌زى واده‌كات داهات‌و شه‌فافیه‌ت زیاتربێت‌و گه‌نده‌ڵى كه‌مبكرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، "حكومه‌ت ترسى له‌لاوازبونى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ڕاسته‌ چونكه‌ لامه‌ركه‌زى ده‌سه‌ڵاتدارێتى لاواز ده‌كات، به‌ڵام ده‌وڵه‌تدارى به‌هێزده‌كات، به‌داخه‌وه‌ به‌وه‌زیره‌كانمانیشه‌وه‌ بڕوایان به‌لامه‌ركه‌زى نییه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان كه‌مده‌بێته‌وه‌".

News Code 1103

Your Comment

You are replying to: .
captcha