وتەبێژی ھاوپەیمانان ھەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕی عەفرین ئاشکرا دەکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ڕای‌دەگەیێنێت: ئەوان لە ھەرێمی عەفرین، ھیچ چالاکییەکیان نییە و ئێستا لە سەر ئاستی دیپلۆماتی لەگەڵ تورکیادا لە گفتۆگۆدان بۆ ئەوەی دان بەخۆیدا بگرێت و لە بری شەڕی یەپەگە، سەرنجی خۆی لە دژی داعش چڕ بکاتەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عەقید ڕایان دیلۆن، وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان ڕای‌گەیاند: "ئێمە لە ھەرێمی عەفرین، ھیچ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش ئەنجام نادەین و تورکیا تاکلایەنە نەک وەکوو ئەندامێکی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئۆپەراسیۆن لە دژی ھێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام دەدات."

وتیشی: "ھەوڵەکانی ئێمە چڕ کراوەتەوە بۆ تێکشکاندنی داعش لە نێوەندی دۆڵی ڕووباری فورات لەنزیک ئەبوکەمال و ڕۆژی شەممە ئێمە لە گورزێکی ئاسمانیدا نزیکەی ١٥٠ ئەندامی داعش-مان کوشتوووە، ھێشتا لەوێ شەڕێکی سەخت لە دژی داعش لەئارادایە."

ڕوونیشی کردەوە: بەپێی زانیاریی ئەوان تا ئێستا فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ھیچ گورزێکی ئاسمانیيان لە دژی ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەی مەنبەج ئەنجام نەداوە.

سەبارەت بە ھەوڵە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ تورکیا بۆ ڕاگرتنی لەشکرکێشی جەختی کردەوە "من دەزانم لەسەر ئاستی ھاوپەیمانان، ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھاوبەشەکانمان و لە میدیای کراوەدا ئەوەم بینیوە کە لە سەر زۆربەی ئاستەکان، گفتۆگۆی دیپلۆماتی ھەیە و پێم وایە ھەر دوو وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا ئەو گفتۆگۆیانەیان ئەنجام داوە و ھانی تورکیایان داوە دان بەخۆیدا بگرێت و ھەوڵەکانی لە دژی داعش چڕ بکاتەوە."

سەبارە بە نیگەرانییەکان کە تورکیا جۆرێک لە تانکی ئەڵمانی لە دژی ھێزەکانی یەپەگە بەکار ھێناوە، وتەبێژی ھاوپەیمانان ڕای‌گەیاند: ئەوە پەیوەندی بە تورکیا و ئەڵمانیاوە ھەیە و پێویستە پرسیار لەوان بکرێت، ھەرچەندە ئەڵمانیا ئەندامێکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەوە بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا دەگەڕێتەوە، نەک ھاوپەیمانان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10893

Your Comment

You are replying to: .
captcha