کوردپرێس: لە بەیاننامەکەدا دومیز رویز دیڤاسا بەرپرسی پێوەندییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ کاروباری عێراق، هێرشی مووشەکیی بۆ سەر هەولێری سەرکۆنە کرد کە بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمەریکی کوژرا و پێنج کەسی تریش بریندار بوون کە ئەویش سەربازێکی ئەمەریکا بوو.
هاوکات ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر، بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵێک دامەزراوەی لێیە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەهۆی هێرشەکەش لانی کەم سێ مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانە و لە شوێنی سڤیل کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەو نیگەرانی خۆی لەسەر هێرشی گرووپە میلیشیاکان دەربڕی و هیوای خواست هاوکاری و پێوەندی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆر و ئارام کردنەووەی دۆخەکە زیاتر پەرە بستێنێت.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هەولێر، پێشتریش لە لایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا مەحکووم کراوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ هاوکاری زیاتریی دۆزینەوەی بکەرانی رووداوەکە دەربڕیوە .
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پەرلەمانی ئەورووپا باسی لەوە کردووە کە لە پێوەدنییەکانیان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێ و ئەوەشی دووبارە کردووەتەوە ئەورووپا بە هەموو شێوەیێک لە دژایەتی کردنی تیرۆر و توندئاژۆیی بەردەوام دەبێت، لەم ڕووەوە درێژە بە هاوکارییەکانی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش و ئارامی لە عێراق بەدی بێت.
سەرچاوە: وشە
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment