ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر عەفرین کۆ دەبێتەوە

به‌شی سووریا- لە سەر داواى فەڕەنسا ئەمڕۆ ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەى هێرشى تورکیاوە بۆ سەر عەفرین کۆ دەبێتەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاژانسى هەواڵى هاوار بڵاوی کردەوە، ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر داواى فەڕەنسا کۆبوونەوەیێک ئەنجام دەدات کە تایبەت دەبێت بە دۆخى عەفرین و هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى عەفرین.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى یەکشەممە ٢١ى دیسێمبێری ٢٠١٨ ژان لۆدریان وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا داواى لە تورکیا کردبوو هێرشەکانى بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت. هەروەها داواشى لە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان کردبوو.
سوپاى تورکیا لە دواى ٩ ڕۆژ لە تۆپباران کردنى سنوورەکانى شەهبا و عەفرین لە هەرێمى عەفرینى سووریا، ڕۆژی ٢٠ى جانیڤێریی ٢٠١٨ هێرشى ئاسمانییان بۆ سەر ١٠٨ شوێن لەو هەرێمەدا دەست‌ پێکرد و تا ئێستا بەردەوامیى هەیە.

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوی NRT، هێرشەکانى تورکیا لە عەفرین کوژرانی ١١ هاووڵاتى و برینداربوونى ٢٦ هاووڵاتیى ترى لێکەوتۆتەوە. هەروەها ٣ شەڕڤان شەهیدبوون. لە بەرامبەریشدا ١٣ سەربازی تورکیا و ١٠ چەکدارى سەر بە تورکیا کوژراون و ٢٠ چەکداری تریش برینداربوون.

بە هۆى ئەو شەڕانەوە لە ناوچەى بلبلێ تانکێکى سوپاى تورکیا و هەروەها لە ناوچەى شەرا ٢ تانکى ترى سوپاى تورکیا تەقێنراونەتەوه‌.

بەرپرسانى یەپەگە ڕایانگەیاندبوو، بەشێک لە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین شوێنى مەدەنى و ماڵى هاووڵاتییانى کردۆتە ئامانج کە تەنها لە گوندی جلبەری شێراواى عەفرین ٧ ئەندامى یەک خێزان شەهیدبوون.

هاوکات فەرماندەیى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) لە هەرێمى عەفرین، ئەو هەواڵەى میدیاکانى تورکیاى ڕەت کردەوە کە سوپاى تورکیا گوندەکانى ئەدامە و شنگالی لە ناوچەى بلبلێ داگیر کردبێت. هەسەدە، ڕاشی‌گەیاندوووە: ئەو گوندانە لە لایەن هێزەکانیان پارێزگارییان لێ دەکرێت و لە کۆنتڕۆڵى شەڕڤانەکانیاندایە.

کوردانى ئەمریکا و ئەورووپا لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئه‌و هێرشانه‌یان ئیدانە کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10743

Your Comment

You are replying to: .
captcha