شه‌مخانی له‌سه‌ر پێداگریی تاران له‌پێناو ئاسانکاری کردن بۆ گفتوگۆی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر جه‌خت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌لی شه‌مخانی له‌ دیداری نێچیرڤان بارزانیدا له‌سه‌ر یارمه‌تییه‌کانی ئێران بۆ هه‌ڵگرتنی له‌مپه‌ری گفتوگۆی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر جه‌ختی کرده‌وه‌ و بارزانیش له‌ به‌رانبه‌ردا گوتی: هه‌موو توانای خۆمان به‌کار ده‌هێنین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی ئێران نه‌مێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی باڵای هه‌رێم ده‌کات و شه‌وی ڕابردوو گه‌یشته‌ تاران و ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 1ی ڕێبه‌ندان له‌گه‌ڵ عه‌لی شه‌مخانی نوێنه‌ری ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش و سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی دیدار و گفتوگۆی کرد.

شه‌مخانی له‌و دیداره‌دا تیشکی خسته‌ سه‌ر سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر داعش و ئازاد کرانی به‌ ته‌واوه‌تیی عێراق و پاشان گوتی: سه‌ره‌ڕای فیتنه‌ نانه‌وه‌ی دوژمنانی هه‌ر دوو گه‌لی ئێران و عێراق به‌ستێنی هاوکاریی دوو لایه‌نه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ستراتێژیک له‌ نێوان ئێران و عێراقدا په‌ره‌ی پێ ده‌درێت و ئاڵوگۆڕی مێژوویی له‌ نێوان ئه‌و دوو گه‌له‌ و به‌ تایبه‌ت پارێزگا کوردنشینه‌کان زیاد ده‌کرێت.

شه‌مخانی ئاسایشی ئێرانی به‌ هێڵی سووری ئه‌و وڵاته‌ ناو برد و گوتیشی: ئه‌وه‌ی که‌ گرووپی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی خاکی کورد به‌ کار ده‌هێنن و سه‌رباز و هاووڵاتیی ئێمه‌ تیرۆر ده‌که‌ن و دیسان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌ بێ شه‌رمی دیمانه‌ له‌گه‌ڵ میدیا فه‌رمییه‌ کوردییه‌کان ده‌که‌ن و به‌رپرسیارێتیی تیرۆره‌کان وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن به‌ هیچ له‌ونێک قبووڵ ناکرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ ستراتێژیی هه‌ڵه‌ی به‌ڕێوه‌ بردنی گشتپرسی له‌ هه‌رێم کرد و گوتی: ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ تێچوو و لێکه‌وته‌ی زۆری ئابووری، سیاسی و ئه‌منیی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ بوو.

شه‌مخانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد هه‌ندێک وڵاتی ناوچه‌که‌ و ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که‌ش حه‌ز به‌ لاواز بوون و بێ‌هێز بوونی عێراق و وڵاتانی گه‌وره‌ی ڕۆژئاوای ئاسیا ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ش نابێت ڕێگه‌ بدرێت پڕۆژه‌ی ئیستیعماریی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌" جێبه‌جێ بکرێت.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانیش له‌و دیداره‌دا ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر دوایین گۆڕانکارییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که‌ پێشکه‌ش کرد و دانی به‌وه‌دا نا کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رده‌وام پاڵپشتیی گه‌لی عێراق و کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بوووه‌.

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌: پێوه‌ندیی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق پێوه‌ندییێکی شارستانییانه‌ و مێژوویییه‌ و هه‌رێمی کوردستان ئه‌و پێوه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌ به‌ شانازی ده‌زانێت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌ پاڵپشتیی کاریگه‌ری ئێران بۆ ئاسایشی هه‌رێم و خه‌ڵکی کوردستان له‌ کاتی هێرشه‌که‌ی تیرۆریستانی داعش کرد و گوتی: ئامانجی دژبه‌ران و نه‌یاران له‌مپه‌ر نابێت بۆ په‌ره‌پێدانی هاوکاری و ته‌عامولی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان.

سه‌رچاوه‌: فارس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10715

Your Comment

You are replying to: .
captcha