١٧ کانوونی دووەم ٢٠١٨ - ٠٨:٥٥
یه‌کگرتووش له‌ حکوومه‌ت کشایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شه‌وی ڕابردوو سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌ددین ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: به‌ کۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی بڕیارمان دا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکشێینه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوو له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: تێبینیی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌دای حکوومه‌ت هه‌بوو، هه‌روه‌ها حکوومه‌ت نه‌یتوانی زاڵ بێت به‌ سه‌ر قه‌یرانه‌کاندا.

ئاماژه‌س به‌وه‌ش کرد: موزایه‌ده‌ی سیاسی ڕێگه‌ی نه‌دا کابینه‌ی هه‌شته‌می حکوومه‌ت به‌رده‌وام بێت و هه‌ر دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار خۆیان به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ به ‌سه‌ر حکوومه‌تدا هاتوووه‌.

له‌ به‌شێکی‌تری وته‌کانیدا سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌ددین وتی: "بڕیاره‌که‌مان دژی هیچ که‌س و لایه‌نێک نییه‌ و چاولێکه‌ری هیچ که‌س و لایه‌نێکیش نییه‌."

جه‌ختیشی کرده‌وه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن هاوکاریی حکوومه‌ت بکه‌ن به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی کابینه‌ی وه‌زاریی حکوومه‌ت و سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجام‌دانی چاکسازیی ڕیشه‌یی.

ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ شاندی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان له‌ مانگی دیسێمبێری ڕابردوودا له‌ کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکوومه‌ت و جێگره‌که‌ى ٢٤ خاڵیان به‌ نووسراوى فه‌رمى بۆ چاره‌سه‌ر کردنى هه‌نووکه‌یى دۆخى هه‌رێم پێشکه‌ش کرد.

یه‌کگرتوو جه‌ختی کردبوووه‌وه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکن و تایبه‌تن به‌ دابین کردنى مووچه‌ و پاکسازی کردن له‌ لیستى مووچه‌خۆران و پاککردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران و وردبینی کردن له‌ داهاتى نه‌وتدا.

پێشتریش هه‌ریه‌که‌ له‌ گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم کشانه‌وه‌ به‌ڵام یه‌کگرتوو چه‌ند مه‌رجێکی دایه‌ حکوومه‌ت بۆ مانه‌وه‌ تیایدا.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10552

Your Comment

You are replying to: .
captcha