بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هەنگاو هەڵدەگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت: پلانی سەرەكیی قەوارەكەیان كاركردنی وەرگرتنی دەسەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستەش متمانەیان بە دەنگدەران هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری قەوارەیێكی نوێیە لە هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتیی جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح دامەزراوە.

لە ئێستادا ئەو قەوارەیە دوای وەرگرتنی مۆڵەت و پەسەند كردنی قەوارەكە لە لایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە، دوو بارەگای سەرەكی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردووەتەوە و سەرقاڵی ئامادەكاری و كاركردنن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشبینی بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش دەكەن بۆ خۆیان.

گوتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، رێبوار كەریم لە لێدوانێكیدا لە بارەی شێوازی كار كردنی قەوارە نوێیەكەوە دوا و گوتی: "هاوپەیمانێتییەکە لە لایەن كۆمەڵێک كەسایەتی كە هەندێكیان پاشخانێكی سیاسییان هەیە و هەندێكی نوێ بنیات نراوە، ئەم هاوپەیمانێتییە كار دەكات لە پێناو دوو كۆڵەكەی سەرەكی لە كۆمەڵگەدا كە كۆڵەكەیێكیان دیموكراسیەتی راستەقینەیە لە هەرێمی كوردستان دیموكراسیەتی رووکەشمان هەیە كە بریتییە لە بوونی حزبی زۆر و دەزگا و راگەیاندنی زۆر، بەڵام ڕۆحی دیموكراسیمان نییە كە بریتیە لە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و رێزگرتن لە میدیا و سەروەری یاسا و یەكسانی لەبەردەم یاسا و ئەوانەدا كە لە هەرێمی كوردستان ونن، بۆیە ئێمە كار لەسەر هێنانەكایەی ڕۆح و كرۆک و جەوهەری دیموكراسی دەكەین".

ناوبراو هەروەها گوتی: كۆڵەكەی دووەم كە لە هەمان كاتدا كاری لەسەر دەكەین دادپەروەرییە، بە مانای ئەوەی سەرمایە و سەروەتی ئەم خەڵكە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە و بە شێوەیێكی دادوەرانە دابەش بكرێت، نە وەک بدرێتە دەست گرووپی نەوتخۆر و بەرژەوەندیخواز لە كوردستاندا، ئەوە ئامانجی سەرەكی ئێمەیە كە لەم قۆناغەدا كاری لەسەر دەكەین.

گوتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە بارەی جیاوازی ئەم هێزە نوێیە لەگەڵ هێزەكانی تردا، گوتی: ئەوەی جیامان دەكاتەوە لە هێزەكانی تر ئەوەیە كە باوەڕمان بە كاری پێكەوەیی هەیە و باوەڕمان بە سڕینەوە و وەلاوەنانی ئەوانی تر نییە، بانگەشەی ئەوە ناكەین كە لە هەرێمی كوردستان بە تەنها ئێمە ئەم وڵاتە چاک دەكرێت، بەڵكوو پێمان وایە كە بە هەموو چاكەخوازان چاک دەكرێت و بە هەموویانەوە رۆڵ و كاریگەریان هەیە كە لە نێو هێزە سیاسییەكان و لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان هەن، دەبێت هەموو ئەمانە لە بەرەیێكی ریفۆرمخوازی چاكخواز كۆ ببنەوە و هەنگاو بنێن بە ئاراستەی چاك کردنی ئەم كۆمەڵگەیەدا بە ئاراستەی هێنانەدی دیموكراسیەت و داپەروەری بۆ ئەم خەڵكە.

رێبوار كەریم ئەوەشی گوت: هاوپەیمانێتییەكەمان، هاوپەیمانێتییەكە لە دەرەوەی هەموو ئایدیا و ئایین و مەزهەبێک، راستە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، بەڵام رێزی تەواوی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەگرێت و بەشێكن لە نێو ئەم هاوپەیمانێتییە و دەتوانن رۆڵ و كاریگەری خۆیان ببینن. لەهەمان كاتدا هەوڵمان داوە و لە ماوەی رابردوو دەرگامان كردەوە بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان كە پێكەوە هەوڵ بدەین ئامانجێكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دروست بكەین، خۆشبەختانە بینیمان لەگەڵ هەندێک هێز ئامادەیی زیاتر هەیە بۆ كاركردنی پێكەوەیی، ئێستاش ئەم هاوپەیمانێتییە دەرگای كراوەیە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ هەموو هێز و كەسایەتییەكانی تر كە دەتوانن رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەبێت.

ئەو لەو بارەیەوە زیاتر دوا و گوتی: لە ئێستادا گرنگ نییە ئەمە باسكردنە لە یەک لیستی یان فرە لیستی، بەڵكوو گرنگ یەک ئامانجی و یەک خەمییە، ئەم هاوپەیمانێتییە لەگەڵ دۆستەكانی (ئەم سێ‌ لایەنە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانیەتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و ئەوانەی تریش كە باوەڕیان پێیە) خاوەنی یەک ئامانجی دیاری كراون كە بریتییە لە رزگار كردنی خەڵک لەم نەهامەتییەی كە بەسەری هێنراوە، ئەوەش بەردەوام كراوە دەبێت لە پێش هەڵبژاردن كە بە یەک لیست باسی بكەین یان بۆ دوای هەڵبژاردن بە چەند لیستێک بیكەین، لە كاتێكدا وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دیاری نەكراوە و دەكرێت لە دوای دیاری كردنی وادەكەی ئەم بابەتە زیاتر بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ.

گوتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاماژەی بەوەش كرد کە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەگەری هەیە ئەو لایەنانە هەوڵ بدەن لە هەندێک ناوچە پێكەوە كار بكەن و لە هەندێک ناوچەی تریش بە جیا كار بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبووەتە بڕیار و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لە بارەوە بدرێت.

لە بارەی پلانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ كاركردنی داهاتوویی لە دوای هەڵبژاردنەكان و بەشداری كردنی حكوومەت لە كاتێكدا سەرۆكی قەوارەكە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح پێشتر لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بووە، گوتەبێژی قەوارەكە لەو بارەیەوە گوتی: زۆرینەی خەڵک و جەماوەری لایەنە سیاسییەكان باوەڕی بە هێزی بە دیموكراسی راستەقینە و دادپەروەری راستەقینە هەیە، خەڵک داوای مافە سەرەتاییەكانی دەكات، ئێمە بەڵێنمان پێداون كە كاری سەرەكیمان بریتییە لە دابین كردنی باشترین ژیان و حكوومەتێكی رەشید بۆ هاووڵاتی كوردستان، لەم نێوەندەشدا كار دەكەین بە ئاراستەی ئەوەی لەگەڵ هاوبەشەكانمان كە فۆڕمی داهاتووی حوكمڕانی لە دەست ئێمەدا بێت و بەم ئاراستەیە كار دەكەین، پێشمان وایە دەكرێت لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان شێوازێكی نوێ‌ لە حوكمی رەشید لە هەرێمی كوردستان بدۆزینەوە.

ئەو لە كۆتاییدا جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی قەوارەكەیان پلانی سەرەكی كاركردنی وەرگرتنی دەسەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستەش متمانەیان بە دەنگدەران هەیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ ئەو مەبەستە دەرگاكانی تر لە نێویاندا بژاردەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە بەردەمیاندا كراوەیە.

رۆژی 17ی سێپتێمبێری 2017 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پەسەند كرد.

بەرهەم ساڵح كە سەرۆكایەتی قەوارەكە دەكات هەمان رۆژ لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر هەواڵی پەسەند كردنەكەی بڵاو كردەوە و بەدوایدا نووسی بووی بە هیوای بەدیهێنانی حوكمڕانی باش و دادپەروەر بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتییان.

سەرچاوە: ئانادۆڵۆ

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 10307

Your Comment

You are replying to: .
captcha