مەلا بەختیار: هیچ چارەسەرێک نەمێنێ، فوئاد مەعسووم لە بەغدا دەگەڕێتەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مەلا بەختیار لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵوێستی فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر دواجار هیچ نەتیجەیێک نەما بۆ چارەسەر، جەنابی سەرۆك كۆمار كوردی لە پۆستی سەرۆك كۆماری خۆشتر دەوێ‌ و بەجێی دەهێڵێت".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رووداو کە شه‌وی ڕابردوو پەخش کرا لەبارەی گشتپرسی، ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک، کۆنگرەی یەکێتی، جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح، گەندەڵی، مووچە، قەیرانی دارایی، هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە.

ڕووداو پرسیارێکی له‌ مه‌لا به‌ختیار کرد و وتی: له‌ به‌غدا له‌ جه‌نابی سه‌رۆک کۆمارم پرسی ئه‌گه‌ر عه‌بادی ملی نەدا بۆ دانووستاندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەڵوێستت چی دەبێ‌؟ گوتی بۆ هەموو کارێک كاردانەوە هەیە. تۆ چۆن تەفسیری ئەم قسەیە دەكەی که‌ مەلا بەختیار ڕای‌گه‌یاند: "جەنابی سەرۆک كۆمار هاوڕێمە و بە مامۆستای خۆمی دەزانم. بە گەورەی خۆمی دەزانم، هاوڕێی ئەمینی مام جەلال بوووە، من پێم وایە ئەگەر دواجار هیچ نەتیجەیێک نەما بۆ چارەسەر، جەنابی سەرۆك كۆمار كوردی لە پۆستی سەرۆك كۆماری خۆشتر دەوێ‌ و بەجێی دەهێڵێ‌. بە تەحەمولترین سیاسییە بەڵام لەكاتی خۆیدا شۆڕشگێڕیشە".

کۆتاییی ساڵی ڕابردوو د. فوئاد مەعسووم، سەرۆک كۆماری عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو ڕای‌گه‌یاند: لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دەست پێكردنی دانووستاندن لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بۆ ئەم مەبەستەش نامەی بۆ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سه‌رۆک وەزیرانی عێراق و نەتەوە یەكگرتوووەكان ناردوووە.

ناوبراو سه‌بارەت بە ئەگەری ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی گفتوگۆش لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە ڕای‌گه‌یاند: ڕەنگە ئەمە كاریگەری لەسەر زیاد كردنی چەند كورسییێک هەبێ‌ لە هەڵبژاردن بەڵام ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی گفتوگۆ باجی سیاسی زۆری دەبێ‌ و عەبادی ناتوانێ‌ خۆی لە گفتوگۆ و دانووستاندن بدزێتەوە چوونكە كاریگەری لەسەر یارمەتیی وڵاتان بۆ عێراق دەبێ‌.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری لە هەرێمی كوردستان دەكات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10283

Your Comment

You are replying to: .
captcha