کوردپرێس:
کوفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چیای گارە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و ڕایگەیاند تورکیا سەلماندوویەتی کە دەوڵەتێکی دەستدرێژیکەرە و لە هەر کوێیێک کورد خاوەنی ئیرادەیێکی سیاسی بێت بۆ لەناوبردنی ئەو ئیرادەیە دەست لە هیچ شتێکی نەشیاو ناپارێزێت.
کەنعو گوتیشی: ڕەفتاری چاوچنۆکانەی تورکیا کۆتایی نایەت. هەر وەک چۆن تورکیا لە سووریا بەشێکی ناوچە کوردنشینەکانی داگیر کرد لە گارە و کوردستانی عێراقیش نیازیەتی دەستدرێژی بکات و ببێتە خاوەنی بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان.
ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا زیاتر لە 20 بارەگای سەربازیی لە هەرێمی کوردستان دامەزراندووە و لەو بارەگایانەوە شەڕی دژ بە هێزە کوردییەکان ئیدارە دەکات. ئامانجی تورکیا کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق و سووریایە.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: تورکیا مەبەستی گێچەڵ کردنە لە شەنگال و دێرک. بۆیە لە سێبەری بێدەنگیی هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتدایە کە لەشکرکێشی بۆ سەر مووسڵ و کەرکووک دووپات بکاتەوە.
کوفان کەنعۆ گوتیشی: لای تورکیا برایەتی بێ مانایە و ئەگەر بێدەنگیی کوردەکان عێراق بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا بەردەوام بێت ڕۆژێک دەگات کە تورکیا ئەو هەرێمەش داگیر دەکات.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەروەک چۆن تورکیا تاوانکاران و گرووپە تیرۆریستییەکانی بۆ عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی گواستۆتەوە دوور نیە سبەی ئەو گرووپانەش بهێنێتە هەرێمی کوردستان. تورکیا مەترسییێکی گەورەیە بۆ سەر قەبارەی کوردی لە هەموو ناوچەکان و پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگی بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بشکێنێت و داوا لە دامەزراوە جیهانییەکان بکات کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئەردۆغان بهێنن.
Your Comment