نوێنه‌ری خه‌ڵکی هه‌ورامانات له په‌رله‌مانی ئێران له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێسدا ئاماژه به دۆخی دژواری بژێوی ژیانی خه‌ڵکی لێقۆماوی بوومه‌له‌رزه له هه‌وای ساردی زستان ده‌دات و ڕایده‌گه‌یێنێت: هێشتاکه خه‌ڵکی بوومه‌له‌رزه‌لێدراوی پارێزگای کرماشان دۆخێکی خراپیان هه‌یه و پێویستیان به یارمه‌تییێکی فراوانه.
ناوبراو وتیشی: تێکڕای بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان کانێکسیان نییه و به‌فر و باران بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌حه‌مولی که‌شوهه‌وای ناپایای زستانیان نه‌بێت.
نادری داوای له داموده‌زگاکانی به‌رپرسیار کرد که به‌ڵێنه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن و ده‌ریبڕی: ئێمه له ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ڕێکخراوانه که به‌ڵێنیان داوه یارمه‌تی به لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان بده‌ن، داوا ده‌که‌ین زوو به زوو سه‌باره‌ت به جێبه‌جێ کردنی به‌ڵێنه‌کانیان ئه‌رکه‌کانیان ڕابپه‌ڕێنن.
ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌و گوژمانه کرد که به بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان ته‌رخان دراوه و جه‌ختی کرده‌وه: هه‌ندێ گوژمه له په‌رله‌مان و ده‌وڵه‌ت بۆ لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه له‌به‌رچاو گیراوه به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که گرینگه ته‌رخاندانی ده‌ستبه‌جێ و دادگه‌رانه‌ی ئه‌و گوژمهیهیه و پێویسته هه‌رچی زووتر بگاته ده‌ستی خه‌ڵک.
نوێنه‌ری خه‌ڵکی هه‌ورامانات له مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئاوڕدانه‌وه له لێقۆماوانی شاری سه‌لاسی باوه‌جانی به ئه‌وله‌وییه‌تی کاری خۆی ناو ده‌بات و ڕوونی ده‌کاته‌وه: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کاولکارییه‌کان له شاری سه‌رپێڵ زه‌هاو زیاتر بوووه هه‌ر بۆیه‌ش زۆربه‌ی یارمه‌تییه‌کان به خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه دراوه و به‌نده هه‌وڵ ده‌ده‌م ناوچه‌ی لێقۆماوی هه‌ورامانات له بیر نه‌برێته‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment