به‌رپرسێكی هه‌رێم: ئه‌مساڵ باشتر نابێت له‌ پار

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم هۆشداری له‌ داڕووخانی زیاتری كه‌رتی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و راشی‌ده‌گه‌یێنێت: بارودۆخی وه‌به‌رهێنان له ئه‌‌مساڵدا خراپتر ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. نووری عوسمان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم، به‌SNNی ڕاگه‌یاند: تا ئێستا هیچ واده‌یێک بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دیاری نه‌كراوه‌، تا ڕه‌وشی وه‌به‌رهێنان به‌گشتی له‌ ساڵی 2018 پێ بنێته‌ قۆناغێكی نوێیه‌وه‌.

به ‌وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، له ‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یاندا، زیاتر له‌ 84 بڕیار ده‌ر كران و له ‌ئێستاشدا به‌شێكی زۆری بڕیاره‌كان خراونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و كاركردنیش تێیاندا به‌رده‌وامه‌.

د. نوری عوسمان ڕه‌تی كرده‌وه‌، بارودۆخی وه‌به‌رهێنان له‌مساڵدا به‌راورد به‌ ساڵی 2017 باشتر بێت، ڕونیشی‌ كرده‌وه: ‌"خراپ بوونی دۆخه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه‌، له‌وانه‌ش قه‌یرانی دارایی، نه‌بوونی سیستمی به‌هێزی ئابووری و شه‌ڕ و پێكدادان، له ‌ئێستاشدا قه‌یرانی دارایی قوڵتر بۆته‌وه‌ و شه‌ڕ و پێكدادان و بارودۆخی سیاسی خراپه‌، سیستمێكی بانكی كارا نییه‌ تا سه‌رمایه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان بخاته‌گه‌ڕ".

پێشتریش یاسین مه‌حموود، وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان به‌ SNNی ڕاگه‌یاندبوو: چاوڕوان ده‌كرێت به ‌بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، ساڵی داهاتوو كه‌رتی وه‌به‌رهێنان بچێته‌ قۆناغێكی نوێیوه ‌و به‌م زووانه‌ش كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بكرێت تا ڕێگری له‌ هه‌ره‌سهێنانی ئابووری هه‌رێم به‌گشتی و كه‌رتی وه‌به‌رهێنان بكرێت.

وتیشی: "ئێستا كه‌ ئه‌و كه‌رته‌ تووشی ئیفلیجی بووه‌، داوا ده‌كه‌ین ئه‌م دۆخه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ نه‌كێشێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10194

Your Comment

You are replying to: .
captcha