پارتی و یەکێتی تووشی ناکۆکیی نێو حیزبی هاتوون

بەشی دیمانە/ جیهان- خاوەن بیرێکی پرسی عێراق دەڵێت: چ یەکێتیش و چ پارتیش لە نێو حیزبەکانیاندا تووشی ناکۆکیی نێوخۆیی و بنەماڵەیین بەڵام بەو حاڵەشەوە کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەوەیە.

هەواڵدەریی کوردپرێس بەردەوام گۆڕانکارییەکانی نێو هەرێمی کوردستانی پێوشوێنگیری کردوووە و لەو بارەیەوە دیمانەی زۆری لەگەڵ خاوەن بیرانی ناوچەکە کردوووە. ئەم جارەشیان کوردپرێس، قەیرانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمی لەگەڵ جوێڵ وینگ توێژەری هاوکاری پەیمانگای جەیمز تاون باس کردوووە.

دەقی دیمانەکەی جوێڵ وینگ لەگەڵ کوردپرێس لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: ئایا پێتان وایە هۆی هەموو قەیرانێکی هەرێمی کوردستان، ڕیفراندۆمە؟

جوێڵ وینگ: بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆم هەڵەیێکی گەورە بوو کە مەسعوود بارزانی و پارتی کردیان. ئەوان بە تەواوەتی بە هەڵە لە دۆخە گەشتبوون. ملیان بە ئاشتەوایی و سازش نەدا و ئێستا لێکەوتەی دژواری بەغدا و دیکەی حیزبەکان تەحەمول دەکەن. ئەوان نەک هەر کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ناوچەکانیان لە دەست دا بەڵکوو 45 لەسەدی نەوتەکشیان لە کیس چوو.

کوردپرێس: ئێستا لە کوردستان هەندێک جووڵە هەن. حیزبە سیاسییەکانی هەرێم هەوڵی چارە کردنی قەیران و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەدەن. هەڵبژاردنیش لە عێراق نزیکە. بەڕای بەڕێزتان ئەو ویفاقە دەستەبەر دەبێت؟

جوێڵ وینگ: وێدەچێت حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو هەلە کەڵک وەربگرێت و بە قازانجی خۆی بۆ هەڵبژاردنی 2018 بیقۆزێتەوە. هەڵبەت چەند ئەندامێکی پارتییش هەن کە نایانەوێت ڕێککەوتن سەر بگرێت. دۆخەکەی ئێستا ڕوو لە بن بەستە.

کوردپرێس: بەم دۆخەی ئێستاوە چارەنووسی سەربەخۆ بوونی هەرێمی کوردستان چیی لێدێت؟ ئایا ئەو پرسە کۆتاییی پێهاتوووە یان کوردەکان دەتوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان سەربەخۆ بن؟

جوێڵ وینگ: هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدا سەربەخۆ دەبێت بەڵام ئەوە لە داهاتوویێکی نزیکدا ناگونجێت. کوردەکانی عێراق ئابوورێکی بەبرەویان نییە و لەو بارەیەوە وابەستەی ئێران و تورکیان. هەرێمی کوردستانی عێراق لە باری سیاسیشەوە هێشتا سیاسەتی عەشیرەیی و بنەماڵەییی تێنەپەڕاندوووە. ئێستا حیزبە حاکمەکانی هەرێمی کوردستان دەزانن پڕۆسەی جیا بوونەوە لە عێراق پڕۆسەیێکی درێژخایەنە و بەستراوە بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەغدا هەموو دراوسێکانی هەرێم. بۆیەش دەبێت بزانن کە پاش لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم دانووستانی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن.

کوردپرێس: کەرکووک چیی بەسەر دێت؟ ئایا کورد دەتوانێت جارێکی تر ئەو شارە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە؟

جوێڵ وینگ: لەدەست دانی کەرکووک شکستێکی گەورە بوو بۆ کورد. کەوتنی ئەو شارە مانای ئەوە دەبێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چیتر ناتوانێت خەرجەکانی دابین بکات و قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان بداتەوە. کورد ئێستاش لە باری ئیدارییەوە لە کەرکووک ماوە و دەبێت کار بۆ سیستەمێکی نوێ و تەعامول کردن لەگەڵ دیکەی گرووپەکاندا بکات.

کوردپرێس: چەند حیزبێکی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئینتقالی دەکەن. بە ڕای ئێوە بە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئینتقالی قەیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییی پێدێت؟

جوێڵ وینگ: دەوڵەتی ئینتقالی لە هەرێم دانامەزرێت چوونکە ئوپۆزسیۆن داوای دەکات و ئوانیش لە ڕاستیدا دەسەڵاتیان نییە. دوو حیزبی یەکێتی و پارتی هێشتا کەرەستەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و نایانەوێت لەم هەل و مەرجەدا ڕادەستی بکەن.

کوردپرێس: بە ڕای ئێوە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی هەرێم کار لە پێکهاتەی پارتی و یەکێتی دەکات؟ پاش کۆچی دواییی جەلال تاڵەبانی و کشانەوەی مەسعوود بارزانی داهاتووی ئەو دوو حیزبە چۆن دەبینن؟

جوێڵ وینگ: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو کاتەوە جەلال تاڵەبانی نەخۆش کەوتوووە گرفتاری ناکۆکیی سیاسیی نێوخۆیە و ئەو ناکۆکییە ئێستاش بەرەوامە.ڕاستە مەسعوود بارزانی کشاوەتەوە بەڵام ئێستاش سەرۆکی پارتییە و کۆتلەی سیاسیی باڵای کوردستانە. هەر بۆیەش کێشێکی قورسی سیاسیی هەیە. هەڵبەت هەندێک ناکۆکییش لە نێو بنەماڵەی بارزانی دەبینرێت. بەوەشەوە ئەو ناکۆکییە نێوحیزبییەی نێو ئەو دوو حیزبە مانای ئەوەی نییە کە دەسەڵاتیان لێ فەوتاوە. هیچ لە دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە کەم نەبوەتەوە.

دیمانە: سەرنووسەری بەشی جیهان

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 10146

Your Comment

You are replying to: .
captcha