هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستپێشخه‌ری بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یێکی فراوان ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستپێشخه‌ری بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یێکی فراوان له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌کات ‌و بڕیاره‌ له‌و باره‌شه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ له ‌ئاستی باڵا بكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌و باره‌وه‌ ڕێبوار كه‌ریم مه‌حموود وته‌بێژی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپه‌روه‌ری زانیارییه‌كانی بۆ شارپرێس پشتڕاست كرده‌وه و وتی: "چ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانی، چ له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌ن‌ و كه‌سایه‌تییێکی‌تری سیاسی ده‌ستپێشخه‌ری كراوه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكرێت بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یێکی سیاسیی فراوان".

ڕێبوار كه‌ریم مه‌حموود وتیشی: "له‌و باره‌وه‌ هه‌نگاوی باش بڕاوه‌ و به‌ده‌مه‌وه‌هاتن له ‌چه‌ند لایه‌نێک هه‌بووه ‌و بڕیاره‌ له‌و باره‌شه‌وه‌ چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یێک بكرێت".

وته‌بێژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕێی دیاری كردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن‌ و دوای دیاری كردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاری چۆنییه‌تیی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن كه‌ یه‌ک لیستی بۆ چه‌ند لایه‌نێک، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌.

ڕێبوار كه‌ریم مه‌حموود له‌باره‌ی به‌شداریی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و هاوپه‌یمانییه‌ به ‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی وتی: "هه‌وڵه‌كان بۆ سڕینه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێک نییه‌، چوونكه‌ له ‌ناو ئه‌و لایه‌نانه‌ش هه‌ن هه‌وڵی چاكسازی ده‌ده‌ن كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌".

شایانی باسه‌؛ به‌م دواییانه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كشایه‌وه‌ كه‌ پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی هه‌بوو. ئێستاش قه‌واره‌یێكی پێكهێناوه‌ به‌ ناوی هاوپه‌یمانی‌و ده‌یه‌وێت به‌و قه‌واره‌یه‌ و به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییێکی فراوان به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9973

Your Comment

You are replying to: .
captcha