ئێران ببێته‌ سه‌رمه‌شقی پێکه‌وه‌ژیانی ئایین و ئیتنیکه‌کانی جیهان

به‌شی ئێران- سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان له‌ لێدوانێکدا ده‌ڵێت: به‌ سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانم وتبوو ده‌بێت هه‌موو جیهان له‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌زموون وه‌ربگرن چوونکه‌ هه‌موو ئایینه‌ ئیبراهیمیه‌کان به‌ ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌ژین هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت ئێران ببێته‌ سه‌رمه‌شقی پێکه‌وه‌ژیانی ئایین و ئیتنیکه‌کانی جیهان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یۆناتن بت کۆلیان سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتوووه‌: حه‌شیمه‌تی ئاشوورییه‌کان له‌ عێراق یه‌ک میلیۆن و 300 هه‌زار که‌سه‌ و له‌ سووریا تا یه‌ک میلیۆن و 600 هه‌زار که‌س خه‌ملێندراوه‌. ئێستاش دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌ له‌و دوو وڵاته‌ ئاواره‌ بوون.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: هاووڵاتییانی ئاشووری له‌ عێراق هه‌موو ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان لێ فه‌وتاوه‌ و پاش هێرشی داعش ناچار بوون خانووه‌کانیان به‌جێ بێڵن و ئاواره‌یی بگرنه‌به‌ر. ئێمه‌ له‌ ئێران هه‌وڵی زۆرمان داوه‌ یارمه‌تییان بده‌ین به‌ڵام نه‌مانتوانی یارمه‌تی به‌ ئاواره‌ ئاشوورییه سوورییه‌کان بگه‌یێنین.

ناوبراو له‌باره‌ی یارمه‌تییه‌کانه‌وه‌ ئاشکرای کرد: له‌ ڕێگای مانگی سووره‌وه‌ 7 لۆری که‌لوپه‌لی خواردن و به‌تانی و که‌ره‌سته‌ی گه‌رم کردنه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌ ناوچه‌که‌.

بت کۆلیان ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێک جووڵانه‌وه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاشووری کرد و گوتی: له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی ئاشووری‌نشینی عێراقدا که‌سانێک له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ هه‌ن که‌ ماڵ و حاڵی ئاواره‌کان داگیر ده‌که‌ن و ڕێگه‌ ناده‌ن ئاشوورییه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵی خۆیان. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ش پاش هه‌موو شه‌ڕێک ڕوو ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی ڕه‌فتاری خۆسه‌رانه‌.

سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان گوتیشی: ئێمه‌ دژ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی بووین و ئێستا که‌مپی ئاواره‌ ئاشوورییه‌کان له‌ چه‌ند لای هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: نه‌ینه‌وا، مووسڵ و ناوچه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ پێته‌ختی ئیمپراتووریی ئاشووری بوون و ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ که‌لاوه‌ هیچیان لێ نه‌ماوه‌ به‌ڵام زێد و باوانی خه‌ڵکی ئاشووره‌ و ئێستا هه‌رێمی کوردستان به‌ موڵکی خۆیی ده‌زانێت.

بت کۆلیان ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: ئه‌گه‌ر بڕیار بێت خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ عێراق به‌ لایه‌نێک بدرێت ئه‌وا له‌ هه‌موو ئیتنیکێکی عێراقی ڕه‌سه‌نترین و مێژووی 6 هه‌زار و 767 ساڵه‌مان هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته‌ ده‌ستوور له‌ عێراق هه‌موو هاووڵاتییان به‌ یه‌ک چاو ببینێت و دووفاقی له‌و وڵاته‌دا سه‌ر هه‌ڵنه‌دات.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پشکی ئاشوورییه‌کان له‌ پێکهاته‌ی سیاسیی عێراقی پاش داعش گوتی: من وه‌کوو سکرتێری گشتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان چه‌ند دیدارم له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بوووه‌ چ ئه‌و کاته‌ی سه‌ردانی تارانی کرد و چ ئه‌و کاته‌ی من سه‌ردانی عێراقم کرد. له‌و دیدارانه‌شدا داوام کرد پرسی ئاشوورییه‌کان زیاتر له‌ ڕابردوو به‌ هه‌ند وه‌ربگیردرێت و له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیدا پێگه‌ی شایسته‌یان پێ ببه‌خشرێت. له‌م دواییه‌شدا به‌هۆی شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقه‌وه‌ ماڵ و سامانی ژماره‌یێکی زۆر له‌ هاووڵاتییانی ئاشووری ڕووخا و ئێمه‌ش ئه‌و نیگه‌رانییه‌مان گه‌یاندۆته‌ عه‌بادی که‌ یه‌کڕیزی و سه‌روه‌ریی عێراقمان لا گرینگه‌.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی ئاشووری له‌ په‌رله‌مانی ئێران له‌ کۆتاییدا تیشکی خسته‌ سه‌ر پێگه‌ی به‌بایه‌خی ئێران بۆ کۆکردنه‌وه و یه‌کخستنی ئیتنیک و ئایینزا جۆربه‌جۆره‌کان و گوتی: به‌ سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانم وتبوو ده‌بێت هه‌موو جیهان له‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌زموون وه‌ربگرن چوونکه‌ هه‌موو ئایینه‌ ئیبراهیمیه‌کان به‌ ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌ژین هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت ئێران ببێته‌ سه‌رمه‌شقی پێکه‌وه‌ژیانی ئایین و ئیتنیکه‌کانی جیهان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9859

Your Comment

You are replying to: .
captcha