به‌غدا پاش جێبه‌جێ بوونی مه‌رجه‌کانی پابه‌نده‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم‌ بنێرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕای گه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان داهاتی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان ڕاده‌ستی حکوومه‌تی فیدراڵی بکات، ئه‌وا حکوومه‌ت پابه‌نده‌ به‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بنێرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ دیدارێکدا که‌ 28ی دیسێمبێر ئێن ئاڕ تی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیداوه‌ ڕای گه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌رپرسیاره‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد "ئه‌گه‌ر داهاته‌کانی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان ڕاده‌ستی حکوومه‌تی فیدراڵی بکرێت، ئه‌وا حکوومه‌ت پابه‌نده‌ به‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت".

ده‌رباره‌ی ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانیش ڕای گه‌یاند: "ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی ده‌ری کردوووه‌: بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم و ده‌رئه‌نجامه‌کانیشیه‌تی، بۆیه‌ به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ڕیفراندۆم هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ده‌ستوور باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ بڕیاره‌کانی دادگای فیدراڵی ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت و پابه‌ندبوونی پێوه‌ ڕابگه‌یێنرێت".

له‌ به‌شێکی تری وته‌کانیدا سه‌رۆک کۆماری عێراق دوودڵی خۆی نیشاندا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئاسایشی ناوخۆییی هه‌رێمی کوردستان و له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕای گه‌یاند: هاووڵاتییان له‌سه‌ر مووچه‌کانیان ده‌ژین، بۆیه‌ دواکه‌وتنی گفتوگۆکانی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر به‌ واتای دواکه‌وتنی مووچه‌ و زیادبوونی کێشه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌، که‌ هاووڵاتیی عێراقین و ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت.

سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانبه‌رانی بندیواریش ڕای گه‌یاند: ئه‌و کێشه‌یه‌ ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر بکرێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی پێداچوونه‌وه‌ و وردبینی کردنه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد فه‌رمانبه‌رانی بندیوار به‌ ته‌نها له‌ هه‌رێمی کوردستان نیین، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له‌ پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراقیش هه‌یه‌، جه‌ختیش کرده‌وه‌: حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی کردووه‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ و سه‌رژمێری کردن و وردبینی کردنی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ره‌کانی له‌ فه‌رمانگه‌ حکوومییه‌کاندا.

ده‌رباره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ڕوونی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ واده‌ی دیاریکراوی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درێت، ئه‌وا پێشێل کاری ده‌ستووره‌ که‌ ده‌بێت ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژ بکرێته‌وه‌ بۆیه‌ دواخستنی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌س نییه‌، ئه‌ویش وه‌ک سه‌رۆک کۆمار که‌ پارێزه‌ری ده‌ستووره‌ دوای کۆتاییی هاتنی چوار ساڵی په‌رله‌مان پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ی وته‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌رباره‌ی هاووڵاتی بوون سه‌رۆک کۆمار ڕای گه‌یاند: هاووڵاتی بوون به‌ ده‌ستی که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک نییه‌، ئاسان نییه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێکدا ئه‌و بابه‌ته‌ جێبه‌جێ بکرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9842

Your Comment

You are replying to: .
captcha