ناردنی شاندێک له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر ڕه‌ت کرایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی دۆسیه‌ی کورده‌کان له‌ ڕه‌وتی "الحکمه‌ الوطنیه‌"ی عێراق، دەنگۆی ناردنی شاندێک له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی چاره‌کردنی قه‌یرانی نێوان دوو لایەن ڕه‌ت دەکاتەوە و دەڵێت: به‌غدا چاوه‌ڕوانە هەولێر به‌یاننامه‌یێک بۆ پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەنجامی گشتپرسیی هه‌رێمی کوردستان‌ دەربکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا زه‌یدی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی "الغدپرس"دا ئاماژه‌ی دایه‌ ئه‌وه‌ی که‌ هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی شاندێک له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆی نێوان دوو لایه‌ن ده‌ر نه‌کراوه‌ و زیادی کرد: ته‌نها پڕۆژەیێک به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌ لایه‌ن فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆک کۆماری عێراقەوە بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانی نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خراوه‌ته‌ ڕوو.

زه‌یدی وتیشی: تا ئێستا هیچ جۆره‌ به‌یاننامه‌یێکی فه‌رمی له‌ لایه‌ن به‌غدا-هه‌ولێره‌وه‌ له‌ باره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی ئەو دوو لایەنە به‌ پڕۆژەکەی فوئاد مه‌عسووم بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆ بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

ناوبراو ڕاشی­گه‌یاند: ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ چاوه‌ڕوانی ڕاگه‌یاندنی ڕه‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌و‌ مه‌رجانه‌یه‌ که‌ دای ناوه‌، به‌ڵام هه‌ولێر ته‌نها ڕێزدانان بۆ بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵ لای گرینگه‌ له‌ حاڵێکدا به‌غدا خوازیاری پابه‌ندبوون به‌و بڕیاره‌یه‌‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9771

Your Comment

You are replying to: .
captcha